پسپۆرێكی هەناو: خوێ بخۆن بۆ تەندروستیتان باشە

:: AM:11:07:07/12/2023 ‌
بەپێچەوانەی زۆربەی پسپۆڕانی خۆراكەوە كە دەڵێن خواردنی خوێ زیانی زۆری هەیە، پزیشكێكی كورد دەڵێت، خواردنی خوێ زۆر پێویستە، دەبێ مرۆڤ ڕۆژانە خوێ بخوات.

ئەو ماوەیە مشتومڕێكی زۆر لەناو كۆمەڵگەی كوردی هەیە لەسەر ئەوەی كام خۆراك بخورێ باشە و كامیش نەخورێ، ئەمەش بەجۆرێك ئیشی لەسەر دەكرێ خەڵك سەری لێ شێواوە. 

د. سیروان عەبدوڵا وەك پسپۆرێكی بواری هەناو لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك رای دەگەیەنێت، خوێخواردن كارێكی پێویستە بۆ مرۆڤ، دەبێت مرۆڤ رۆژانە بەپێی پێویست خوێ بخوات، هاوكات دەشڵێت ماسولكەكانی مرۆڤ بەخوێ دروست دەبن و بە بەهێزی دەمێننەوە، بۆیە مرۆڤ كاتێ خوێ ناخوات، ماسولكەی لاواز دەبێت.

ئەوەش رادەگەیەنێت ئەگەر مرۆڤ نان و برنج بەخوێوە نەخوات، فشاری خوێنیش بەرز ناكاتەوە، ئەوەی كێشەیە نان و برنج دروستی دەكەن زۆر زیاتر لە هەموو خۆراكەكانی تر، كێشەی ئێستەی كۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە زۆربەی زۆری خواردنەكانی برنج و پاقلەمەنییەكانە كە ئەمانە خراپترین جۆری خواردنن. 

جاران دەیانگوت پێم بڵێ هاوڕێكەت كێیە، هەتا پێت بڵێم خۆت كێیت، ئێستە پزیشكان و پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، پێمان بڵێ خواردن و جووڵەی ڕۆژانەت چییە و چۆنە، هەتا پێت بڵێین تەندروستیت چۆنە.

بەردەوامیدان بە خۆراكی پڕ چەوری و شیرینی و كەمكردنەوەی جووڵە بەهۆی بەكارهێنانی زیاتری ئۆتۆمبێل و بەسەربردنی كاتێكی زۆر لەسەر مۆبایل و ئامێری تری ئەلیكترۆنی، هۆكارن بۆ قەڵەوی و سەرئەنجام ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك شەكرە و فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ.



وشە - سۆران عەزیز