دوای ئەوەی ژنێک لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکەوە لە ''تیک تۆک''، کە زیاتر لە دوو ملیۆن بینەری هەبووە، ڕای گەیاند، کە لەسەر گوتەی توێژەرە دەروونییەکەی دەستی کردووە بە خواردنی "جەلیبۆن" ترش و شیرین بۆ کەمکردنەوەی ترس، قەلەقی و دڵەڕاوکێ، ئێستە هەستی بە باشی کردووە و دڵەڕاوکێ نەماوە.
شارەزایان گوتەی پزیشکە دەروونییەکە پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن، خواردنی جەلیبۆن منداڵان بە هەردوو جۆری ترش و شیرینەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ.
کاترین تۆرۆ ڕاوێژکاری دەروونی لە ویلایەتی فلۆریدا
دەڵێ، بە دڵنیاییەوە ڕاستیی زانستی و بەڵگەی بەردەستیان لەلایە کە ئەو بیروڕایە پشتڕاست دەکاتەوە، کە خواردنی هەندێک جۆر لە شیرینی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ، هەروەها ئەم شارەزایە دەشڵێت، هەڵگرتنی جەلیبۆن هاکێکی دەروونییە و خۆشبەختت دەکات.
ماڵپەڕی ''ئەمەریکا تودەی'' دەڵێ، بەهۆی خواردنی جەلیبۆن، بیرت لای دڵەڕاوکێ نامێنێت و بیر لە شتانی تر دەکەیتەوە، کاترین زیاتر گوتی، بەهۆی خواردنی جەلیبۆنەوە، تۆ تەنیا بیر لە ئێستە دەکەیتەوە و لەو ساتەدا دەژیت کە بەسەری دەبەیت، بەڵام ئەم شارەزایەی بواری دەروونی ڕەتی کردەوە کە خواردنی جەلیبۆن چارەسەرێکی ڕەها بێت، دەشڵێت، لەپاڵ خواردنی جەلیبۆن، دەتوانیت یۆگا، هەناسە هەڵمژینی قووڵ یاخود کاری چنین بکەی بۆ ئەوەی لە دڵەڕاوکێ دەربازت ببێت.
کاترین ئەوەی نەشاردووەتەوە کە خواردنی جەلیبۆن چارەسەرێکی خێراترە و زوو دەربازمان دەکات لە دڵەڕاوکێ.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێ، نەخۆشیی دڵەڕاوکێ لە باوترین نەخۆشییە دەروونییەکانی جیهانە و لە ساڵی 2019 301 ملیۆن کەس تووشی بوونە.