زیادكردنی باج لەسەر مەی و خواردنەوە شیرینەكان ژیانی ملیۆنان كەس رزگار دەكات

:: PM:07:26:09/12/2023 ‌
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕای گەیاند، زیادکردنی باج لەسەر خواردنەوە کحوولییەکان و ئەو خواردنەوەیانەی رێژەی شەكریان زۆرە، رێگری دەكات لە مردنی 10 ملیۆن كەس ساڵانە لە جیهاندا كە لە بەهۆی ئەم خواردنەوانەوە گیان لەدەست دەدەن.

لای خۆیەوە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نامیلكەیەكی رێنوێنیی تەكنیكی بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بە سیاسەتەكانی باج لەسەر خواردنەوە كحوولییەكان، لەگەڵ شیكارییەك بۆ ئەم سیاسەتانەی كە لەم رووەوە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان پەیڕەو دەكرێن.

ئاماژە كراوە، ئەم سیاسەتی باجە، سیاسەتی سەركەوتنە بۆ هەموولایەك، چونكە ژیان رزگار دەكات و رێگری لە زۆر نەخۆشی دەكات، هاوكات یەكسانیی تەندروستی بەرەوپێش دەبات.

ئێستە لە جیهان 148 وڵات باج لەسەر خواردنەوە كحوولییەكان دەسەپێنن، بەڵام 22 وڵات كە زۆرینەیان لە ئەوروپان، خواردنەوە كحوولییەكان لە باج بەخشراون.

ڕێکخراوەکە ڕای گەیاندووە، باجی خاڵە سنوورییەكان کاریگەرترین ڕێوشوێنی باجە بۆ پاراستنی تەندروستی، چونکە نرخی بەرهەمە زیانبەخشەکان بەراورد بە کاڵاکانی تر ڕێکدەخات، بەمجۆرە بە تێپەڕبوونی كات بە ئاسانی دەتوانرێت نرخەكان بەرزتر بکرێنەوە.

هەروەها ئاماژەیان كردووە، رێژەی دانانی باجەكان دەبێت لەسەر بنەمای پێكهاتەی بەرهەمەكە بێت بەگوێرەی رێژەی زیانەكەی وەك كحوول یان شەكر، نەك لەسەر بنەمای نرخی بەرهەمەكە.


وشە - رزگار خدر