نەزۆكی یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ئەو هاوسەرانەی دەیانەوێ وەچە بخەنەوە، بە گشتی ئەو پرۆسەیە لە رێگەی جووتبوون و كۆئەندامی زاوزێی هەردوو رەگەزەوە دەبێت، هاوكات هەر لە رێگەی ئەو ئەندامانەوە و بەهۆی پێوەندیی نائاسایی و لە دەرەوەی خێزان، چەندان نەخۆشی مەترسیداری سێكسی دەگوازرێنەوە، بەڵام كاریگەریی ئەو نەخۆشییانە لەسەر دروستبوونی نەزۆكییەوە چییە؟
دوای دەركەوتنی تووشبوونی یەكێك لە پێنج ژن بە نەزۆكی بەهۆی نەخۆشی هەوكردنی حەوزەوە، نەخۆشییە گوازراوەكان لە رێگەی سێكس بوونەتە سەرچاوەیەكی گەورەی نیگەرانی، ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانە لە رێگەی جوتبوونی زێ یان دەم و كۆمەوە دەبێت، بەڵام هەندێك جار بەهۆی بەریەككەوتنی جەستەییشەوە رووبدات و ببێتە هۆی نەزۆكی لە پیاو و ژندا.
حاڵەتەكە بەهۆی گواستنەوەی بەكتریا و ڤایرۆس لە كەسێكی تووشبوو بۆ كەسێكی ئاسایی لە رێگەی سێكسەوە دروست دەبێت، كاتێك ئەو بەكتریا و ڤایرۆسانە لە ناو لەشی كەسە ئاساییەكە گەشە دەكەن و زۆر دەبن، هاوكات دەكرێ پیاو و ژن بەهۆی كاریگەریی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی ئەو نەخۆشییانەوە تووشی نەزۆكی ببن.
كاتێكیش ئەو نەخۆشییانە لە لایەن تووشبووەوە فەرامۆش دەكرێت، پەتاكە بەرەو سەرەوەی كۆئەندامی زاوزێی مێیینە، واتە منداڵدان و هێلكەدان و كەناڵی فالووب هەڵدەكشێت و دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوكردن، ئەگەر ئەو ئەندامانەی زاوزێش تووشی ئەو میكرۆب و ڤایرۆسانە بوون، دەبنە هۆی نەزۆكی.
بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە سێكسییەكان مرۆڤ دەتوانێت ئەوانە بكات، خۆپاراستن لەو جۆرە سێكسە نائاساییە، بەكارهێنانی كۆندۆم، ئەنجامنەدانی سێكس لەگەڵ كەسانێكی تووشبوو بەو نەخۆشییانە، بە تایبەتی ئەگەر نیشانەكانی پەڵەی پێست و لەسەر ئەندامی زاوزێ برین و كێم هەبێت، وەرگرتنی ڤاكسین و ئەنجامدانی پشكنینی تاقیگەیی لەكاتی گومانكردن.