بۆ ئەوانەی بەنیازن گۆشتێكی زۆر بخۆن

:: PM:08:26:15/06/2024 ‌

سبەی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە، خەڵك سەردانی یەكتر دەكا و رۆژێكی پڕ لە خواردنی شیرینی و چەوری و هەویركاری و چەرەزات و هیتریش دەبەنە سەر، لای ئێمە جەژن واتە یەكتربینین و خواردن، بۆیە گرنگە ئەوكەسەی خواردنی جۆراوجۆر و بڕێكی زۆری بۆ هەڵدەكەوێت، كۆنترۆڵی خۆی بكا و چەند خاڵێكی گرنگی لەبەرچاو بێت، بەتایبەتی پێوەست بە خواردنی گۆشتی سوور.

سبەی جیا لەوەی قوربانییەكی زۆر دەكرێت، لە زۆرینەی ماڵەكان ژەمی چەور هەیە، پێویستە هەمووان بیزانن كە زیادەڕۆیی لە خواردنی گۆشت، بەتایبەتی گۆشتی سوور، هۆكاری توشوبوونە بە چەندان جۆر نەخۆشی مەترسیدار، یان ئەوانەی خۆیان نەخۆشن دۆخیان زۆر خراپ دەبێت، لەو نەخۆشیانەی لەو رێگایەوە تووشی دەبین:

نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن ، بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆر لە كۆلیسترۆڵ و چەورییە تێرەكان، جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی شێرپەنجە، چونكە گۆشتی سوور هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە، بەتایبەتی شێرپەنجەی قۆلۆن و و رێكە، بەردی گورچیلە و زراو، نەخۆشی نەقرەس و كێشەی هەرسكردن و تێكچوونی گەدە و با و غازات و قرقێنە و بەدهەرسی و قەڵەوی ، هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی.

د. محەمەد سامی، راوێژكاری چارەسەری بە خۆراك دەڵێت، نابێت بڕێكی زۆر گۆشتی سوور و چەوری بخورێت، چونكە مرۆڤ تووشی كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن و نەقرەس و شەكرە دەكات، لەكانی برژاندنی گۆشت دەبێت لە ئاگر دوور بێت، بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە شێرپەنجە، بۆیە دەبێت ئاگەر بەر گۆشتەكە نەكەوێ و ئاگرەكەی هێواش بێت.

جیا لەوە دەبێت لە رۆژانی جەژندا خواردن ئاسایی و بێ زیادەڕۆیی بخورێت، بۆ خۆپاراستن لە قەڵەوی و زیادبوونی كێش و نەخۆشییەكان، بۆیە وا باشترە سەیری ئەوە نەكەی كە لەبەر دەمت دانراوە، بەڵكو هەڵ بدە لە رۆژێكدا پارچەیەكی 170 غرامی گۆشت بخۆیت، چەوری كەم بێت زۆر سوێر و توند نەبێت، رۆژانە جووڵانەوە و وەرزشی سووكت هەبێت و سەوزە و میوە و دانەویڵەی تەواو لەگەڵ گۆشتەكە بخۆیت، لەگەڵ خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل