سوودەكانی مێوژ بۆ تەندروستی بزانن

:: AM:11:06:19/06/2024 ‌
پسپۆرانی بواری خۆراك ئاشكرایان كردووە، مێوژ سوودێكی زۆریش بۆ تەندروستی هەیە، بەتایبەتی ئاوی مێوژ كە شەوانە ئەگەر 10 تا 12 دەنكە مێوژ بكرێتە ناو پەرداخێك ئاو و دابپۆشرێت، بۆ بەیانی ئاوەكەی بخورێتەوە، سوودێكی زۆری بۆ چارەسەری چەندان نەخۆشی دەبێت.

پێگەی "عەرەبیە" كە لە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"ی وەرگرتووە، ئاماژەی بە بۆچوونی پسپۆرانی خۆراك كردووە كە مێوژ و بەتایبەتی ئاوەكەی، چەندان سوودی بۆ تەندروستی هەیە و بۆ چەندان نەخۆشی چارەسەرە، چونكە مێوژ دەوڵەمەندە بە ریشاڵە خۆراكییەكان، سوودی زۆری بۆ هەرس هەیە و هاوكات لە قەبزی دوورتان دەكاتەوە.

هاوكات ئاوی مێوژ كاریگەریی هەیە بۆ دەركردنی ژەهر لە جگەر، هاوكات وا دەكات گورچیلەكان بەباشی ئەركەكانیان بەڕێوە ببەن. لەگەڵیدا ئەو میوە وشككراوەیە كە لە "ترێ"وە دروست دەكرێت، بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات، چونكە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی سی و بی. 

پسپۆران ئاماژە دەدەن كە مێوژ دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، ئەوەش وا دەكات پاڵەپەستۆی خوێن رێكبخات، لەگەڵیدا دەوڵەمەندە بە بۆلیڤینۆڵ كە ئەویش كۆلیسترۆڵی خراپ لە جەستە دادەبەزێنێت.

هەروەها مێوژ چونكە پێكهاتووە لە كالسیۆم و بۆرۆن، ئەوانەیش زۆر پێویستن بۆ تەندروستیی ئێسك و بەهێزتركردنیان. جیالەوەی ئاوی مێوژ سوودی هەیە بۆ پێست، لەگەڵیدا چونكە دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی ئەی و ئی، پارێزگاری لە پێستی رووخساریش دەكات و هەمیشە رەونەقداری دەكاتەوە.

یەك لە سوودەكانی ئاوی مێوژ، بەهۆی ریشاڵەكانی كە وا دەكات هەمیشە هەست بە تێربوون بكەن، بۆیە كاریگەریی هەیە بۆ دابەزاندنی كێش. هاوكات سەرچاوەكیشە بۆ كۆكردنەوەی گلۆكۆز و فەركتۆز، ئەویش وزەی زیاتر دەداتە جەستە و تەندروستی باشتر دەكات.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د