15 جۆری خۆراک یارمەتی شێدارکردنەوەی لەش دەدەن لە کاتی شەپۆلی گەرمادا

:: AM:10:36:21/06/2024 ‌
لەگەڵ هاتنی گەرمترین وەرزی ساڵ و تۆمارکردنی پلەی گەرمیی پێوانەیی، پسپۆڕان دووپات دەکەنەوە لەسەر پێویستی خۆپاراستن لە وشکبوونەوە و ئەو کێشە تەندروستییانەی لە ئەنجامی گەرمادا دروست دەبن.

لە کەشوهەوای زۆر گەرمدا، ئەگەر ئاوی پێویست نەخۆیتەوە، زۆر خێراتر هەست بە کاریگەرییەکانی وشکبوونەوە دەکەیت وەک لەوەی لە ڕۆژێکی سارددا هەستی پێ دەکەیت، کاریگەرییەکانیش بریتین لە قەبزی، وشکبوونەوەی دەم، سستبوونى پێست، ماندوێتی و سەرئێشە.
جگە لە ئاو، پسپۆڕان چەند ئامۆژگارییەک و خۆراکی دەوڵەمەند بە ئاو پێشکەش دەکەن کە یارمەتیت دەدەن لە مانەوەت بە تەندروست و شێداری.

کۆری سمیس، پسپۆڕی خۆراکی و نەخۆشیی شەکرە دووپات دەکاتەوە، دەکرێت بڕی پێویستی ئاوی ڕۆژانە لە چەند سەرچاوەیەکی ترى جگە لە ئاوی ئاسایییەوە وەربگرین.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەى داوە، نزیکەی 20%ی ئەو ئاوەی کە لەشى مرۆڤ پێویستی پێیەتی لە سەرچاوە خۆراکییەکانەوە هەڵیدەمژێت. بە گوتەی سمیس، "ئەو خۆراکانەی کە پێویستە زۆرتر لەبەر شێداربوونەوە بخورێن ئەو میوە و سەوزانەن کە ڕێژەیەکی زۆر ئاویان تێدایە و یارمەتیدەرن بۆ بەشێداری هێشتنەوە چونکە ڕێژەی زیاتر لە %90یان ئاوە.
ئەو خۆراکانەش ئەمانەن:

1- خەیار
ڕێژەی 96%ی ئاوە، خەیار زۆرترین ڕێژەی ئاوی هەیە لەچاو هەموو خۆراکێکی تر.

2- کاهوو
کاهوو بە پلەی دووەم دێت لەدوای خەیارەوە لە ڕووی شێدارکردنەوە. %96 ئاوی تێدایە و دەوڵەمەندە بە مادە خۆراکییەکان.

3- کەرەوز
کەرەوز ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە کە دەگاتە %95، ئەمە جگە لەوەی سەرچاوەیەکی نایابی ڕیشاڵیشە.

4- توور
توور %95ى ئاوە و دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ڤیتامین C، ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردەیەکی باش بێت بۆ هەر ژەمێک لە کەشوهەوای گەرمدا.

5- کاهووی ڕۆمانی
جگە لەوەی کاهوی ڕۆمانی %95ى ئاوە، سەرچاوەیەکی نایابی ترشی فۆلیک و ڕیشاڵ و ڤیتامینەکانی A و Cیە.

6- تەماتە
زۆرجار تەماتە وەک سەوزە پۆلێن دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەندامی خێزانی میوەیە، زۆرترین ڕێژەی ئاوی تێدایە کە %94ە و تەماتە لایکۆپینی تێدایە کە دژەئۆکسانە و یارمەتی پاراستنی لەش دەدات لە تێکچوونی خانەکان.

7- کوولەکەی زەرد
کوولەکەی زەرد %94 ئاوی تێدایە. خواردنی بە کاڵی یان بە کوڵاوی دەتوانێت ئاوی پێویست دابین بکات کە لەش پێویستی پێیەتی لە کاتی شەپۆلی گەرمادا.

8- ڕووەکی ئەسپارگەس
دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم، بە خاوی یان سوورەوەکراوی 92% ئاوی تێدایە، بۆیە دەتوانرێت بخرێتە ناو سیستمی خۆراکەوە بۆ شێدارکردنەوەی زیاتر.

9- بیبەر
92%ى ئاوە، بیبەری شیرین تێکەڵەیەکی دەوڵەمەندە لە دژەئۆکسێنەر و لەش شێدار دەکاتەوە.

10- کەلەرم
کاتێک کە دەکوڵێت، کەلەرم ئاوی زیاتری تێدایە بە ڕێژەی %94. بڕی ئاو لە هەندێک جۆری کەلەرمدا دەتوانێت بگاتە 96%، ئەمەش وایکردووە پێویست بکات ببێتە بەشێک لە خواردنى ژەمەکان.

11- قەڕنابیت
 ئەمەشیان بە کوڵاوی ئاوی زیاترە و ڕێژەی %93 دابین دەکات لە چاو خواردنی بە کاڵی.

12- قارچک
قارچک بە تایبەتمەندی دژەهەوکردن و دژەئۆکسێنەر ناسراوە، هەروەها %92 ئاوی تێدایە. بۆیە دەتوانرێت قارچک بە کاڵی بخورێت بۆ شێدارکردنەوە.

13- شووتی
 شوتی بەوە ناسراوە کە دەوڵەمەندە بە ئاو تا ڕێژەی %92. هەروەها سەرچاوەیەکی ترى نایابی لایکۆپینە کە یارمەتی بەهێزکردنی خانە دەدات.

14- سپێناغ
سپێناخ %92ى ئاوە، سەرچاوەیەکی خۆراکیی بەهێزە لەڕووی دابینکردنی کالیسیۆم و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و ئاسنەوە.

15- شلیک
شلیک %92ی ئاوە، کالۆری کەمی تێدایە، ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵی تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C.


وشە - رزگار خدر