بۆ ژیانێکى سێکسی و تەندروست کۆنتڕۆڵی شەکرى خوێنت بکە

:: PM:12:22:07/02/2025 ‌

بۆ ئەوەى ژیانێکى سێکسی و تەندروست و پڕ لە خۆشی مسۆگەر بکەیت، پێویستە بزانیت چۆن دەتوانیت شەکرى خوێنت رێک بخەیت و زانیاریت لەبارەى پێوەندى نێوان شەکرى خوێن و سێکسی تەندروست هەبێت.

سوودەکانى سێکس لەسەر شەکرى خوێن
سەرەتا با باسی سوودەکانی سێکس بکەین لەسەر شەکری خوێن، چەند هۆکارێک هەیە کە ژیانی سێکسی چالاک دەتوانێت سوودی هەبێت بۆ شەکرى خوێن بە بەڕێوەبردنی ئاستی گلوکۆز لە خوێندا لەوانە:

وەرزش:
سێکس جۆرێکە لە چالاکیی جەستەیی، چالاکیی جەستەییش یەکێکە لە ڕێگا کاریگەرەکان بۆ ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەشداریکردن لە چالاکییە سێکسییەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و سووتانی کالۆری، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندن و پاراستنی ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی تەندروست.

فشاری دەروونی:
"سترێس" هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ بەرهەم دەهێنێت، کە دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، لە لایەکی ترەوە هەبوونی چالاکی سێکسی دەتوانێت ئاستی فشاری دەروونی کەم بکاتەوە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆئەوەی شەکری خوێنت لەژێر کۆنتڕۆڵدا بێت.

بە کورتی: سێکسی ڕێکوپێک، دەکرێت ڕێگەیەکی زۆر باش بێت بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن و باشترکردنی تەندروستی گشتی و پڕ لە خۆشی.

ئایا شەکری خوێنت دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی سێکسیت هەبێت؟
بابەتی کاریگەریی بەرز و نزمی شەکری خوێن لەسەر سێکس کەمێک ئاڵۆزە، بەرز بوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی تێکچوونی چالاکى سێکسی بەهۆی تێکدانی دەمارەکان و خوێنبەرەکان، کە پێویستن بۆ کارکردنی سێکسی. نیشانەکانی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن و کاریگەرییەکانی دەکرێت هۆکار بن لە کەم بوونەوەی ئارەزووی سێکسی و کەم بوونەوەی هەست و چێژ.

لە لایەکی ترەوە، کەم بوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەتوانێت چەند نیشانەیەک دروست بکات کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر کارکردنی سێکسی هەبێت، وەک ماندوێتی و سەرگێژخواردن و لەرزین.

لە کۆتاییدا، ئەوەت لەبیر بێت کە سێکس بۆ وەرزشکردنە و وەرزشکردن ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن، بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەمانە، تۆ لەسەر ڕێگای پاراستنی تەندروستی گشتی و بەدیهێنانی ژیانێکی تەندروست دەبیت.


وشە - رزگار خدر