زۆرێک لە ڕۆژووەوانان لەوانەیە تووشی کێشەى هەرس نەکردن و قەبزی و کێشەی ترى پەیوەست بە گەدە و قۆڵۆن ببن، بۆیە هەڵبژاردنی خواردنی تەندروست و خواردنەوە گونجاوەکان یەکێکە لەو شتە گرنگانەی کە پێویستە لە مانگی ڕەمەزاندا گرنگیی پێ بدەین.
پێویستە هەمیشە دڵنیا بین لەوەی ئەو مادە خۆراکییانەی لە نێوان بەربانگ و پارشێودا بەدەستی دەهێنین بەسوودن و وزەی پێویستمان پێ دەبەخشن، بە جۆرێک کە یارمەتی لەشمان بدات بۆ ڕۆژوو و ڕۆژانى دواتر.
بەپێی ئەوەی پزیشکان و پسپۆڕانی خۆراک پێشنیاری دەکەن، هەندێک جۆری خواردنەوە هەیە، کە ماڵپەری تەندروستی "
بۆڵد سکای" لە باشترین خواردنەوەکان ئاماژەی کردووە کە سوودی بۆ کەسانی ڕۆژووەوان هەیە، هەروەها دەبێت دڵنیابین لەوەی لەکاتی ژەمی بەربانگدا بەردەست بێت.
ئەو خواردنەوانەش ئەمانەی خوارەوەن:
1. ئاو:
هیچ خواردنەوەیەک گرەو لە ئاو ناباتەوە، ئاو پادشای خواردنەوەکانە، لەش شێدار دەکات، وزەی پێ دەبەخشێت و یارمەتی کرداری هەرسیش دەدات، بۆیە سەیر نییە کە ئاو خواردنەوەی یەکەمە لە لیستی خواردنەوە باشەکاندا.
2. شیر و خورما:
ئەمە یەکێکە لە باشترین خواردنەوەکان کە پێویستە لە کاتی نانی بەیانی و بەربانگدا دڵنیا بین لە خواردنی، دەتوانین خورما بکەینە کوپێک شیری بێ چەوری و بۆ ماوەی نزیکەی 12 سەعات بەجێی بهێڵین، پاشان ژەمی بەربانگ بەم خواردنەوە بەسوود و دەوڵەمەندە دەست پێ بکەین، کە وزەمان پێ دەبەخشێت و هاوسەنگیی ئاستی شەکر لە خوێندا دەپارێزێت، کە بەزۆری لە کاتی بەڕۆژووبووندا کەم دەبێتەوە.
3. شەربەتی قەیسی:
یەکێکە لە بەناوبانگترین شەربەتەکان کە ناوەکەی پەیوەستە بە مانگی ڕەمەزانەوە، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر چاوەڕێی دەکەین بۆ ئەوەی لە بەربانگدا چێژی لێ وەربگرین، قەیسی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ڤیتامین A، هەروەها مادەی ڕێتینۆڵی تێدایە کە مادەیەکە بە ئاسانی لەلایەن لەشەوە هەڵدەمژرێت و پرۆسەی هەرسکردن باشتر دەکات.
4. ئاوی لیمۆ و نەعنا:
تێکەڵەیەک لە لیمۆ و ئاو و گەڵای نەعنا خواردنەوەیەکی زۆر بەسوودە کە دەتوانرێت وەک بەشێک لە نانی بەربانگ بخورێت، خواردنەوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و ڕیشاڵ، هەروەها دەتوانیت کەوچکێک هەنگوینیش بکەیتە ناو تێکەڵەکەوە، کوپێک لەم شەربەتە بەسە بۆ ئەوەی دوای ڕۆژێکی درێژ لە ڕۆژووگرتن فێنکی و وزەت پێ ببەخشێت.
5. شیرمۆز:
مۆز دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و ڕیشاڵ و ڤیتامین C و B6 دەتوانیت یەک بۆ دوو مۆز لەگەڵ کوپێک شیری بێ چەوری تێکەڵ بکەیت، کوپێک لەم شیرمۆزە بەتامە لە کاتی ژەمی بەربانگدا وزەیەکی زۆرت پێ دەبەخشێت و یارمەتیت دەدات بەرگەی ڕۆژوو بگریت.
6. شیر و بادەم:
بۆ ئامادەکردنی ئەم خواردنەوەیە شەوێک 10 بۆ 12 دەنک بادەم لەناو کوپێک ئاودا بخوسێنە، پاشان بادەمەکە توێکڵەکەی لێ بکەرەوە، پاشان کوپێک شیری بێ چەوری لەگەڵ بادەمە خوساوەکان و کەوچکێک هەنگوین و چەند دەنکە هێلێک تێکەڵ دەکەین، پاشان تێکەڵەکە بە باشی دەهاڕین. ئەم خواردنەوەیە دەوڵەمەندە بەو سوودە خۆراکییانەی کە وزەی پێویستت پێ دەبەخشێت بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر بەردەوام بیت لە ڕۆژوو گرتن.
7. شەربەتی تەماتە و سێو:
ئەم خواردنەوەیە دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ئاسن و ڤیتامینەکان، یەکێکە لەو خواردنەوانەی شارەزایانی خۆراک پێشنیاری دەکەن بۆ ژەمی بەربانگ، دەتوانیت سێوی پاککراو لەگەڵ پارچەیەک تەماتە تێکەڵ بکەیت لەگەڵ هەندێک ئاو و کەمێک لیمۆ و کەوچکێک لە هەنگوین، گیراوەکە بە باشی تێکەڵ دەکرێت و کاتی بەربانگ پێشکەش دەکرێت بۆ دەستکەوتنی خواردنەوەیەکى پڕ لە سوود.