لە كەركووك نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوو بۆ جمكێكی پێكەوەنووساو كرا

:: AM:09:20:11/03/2025 ‌
فەرمانگەی تەندروستیی كەركووك ئەمڕۆ رای گەیاند، تیمێكی پزیشكی نەشتەرگەرییەكی سەركەوتوویان بۆ جەمكێكی پێكەوەنووساو ئەنجام دا، لە كاتێكدا جمكەكە یەك دڵیان هەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 11ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، ئەرجان محەمەد رەشید بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركووك بۆ پێگەكە رای گەیاند، تیمێكی پزیشكی نەشتەرگەرییەكی قەیسەریی سەركەوتوویان بۆ دایكێكی دووگیان ئەنجام دا، لە كاتێكدا كۆرپەڵەكان جمكێكی پێكەوەنووساون.

ئەوەشی گوت كە دوای نەشتەرگەرییەكە، ئێستە دۆخی دایكەكە و جمكەكەیش جێگیرە.

ئەو بەڕێوەبەرە زیاتر گوتی، ئەو جمكە پێكەوەنووساوە یەك دڵیان هەیە كە ئەوەیان حاڵەتێكی زۆر ئاڵۆز و دەگمەنە، بۆیە پێویستیی بە پلانێكی ورد بوو لەلایەن تیمە پزیشكییەكەوە، بەتایبەتی لە پێناو پاراستنی تەندروستی و گیانی دایكەكە و جمكەكەیش.

لەلایەكی تریشەوە سۆزان وەهبی كە پزیشكە و سەرپەرشتیاری نەشتەرگەییەكەیە و گوتی، نەشتەرگەرییەكە دەگمەن بوو، ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە دایك یان جمكەكان 40 تا 60%یان گیان لە دەست دەدەن، وەك رێژە بۆ سەركەوتنی نەشتەرگەرییە 25%یان لە ژیاندا دەمێننەوە، ئێستەیش دڵخۆشین كە نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بووە و دۆخی دایك و جمكەكەیش باش و جێگیرە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د