خۆراكی مرۆڤ پێوەندییەكی بەهێزی بە تەندروستییەكەیەوە هەیە، خۆراكی تەندروست ئەوەیە ئەو مادە خۆراكییانە لەخۆ بگرێت كە پێویستیی رۆژانەی مرۆڤ پڕ بكاتەوە، كەم یان زیاد خواردنی هەر جۆرێك لەسەر حسێبی جۆرێكی تر ناهاوسەنگی و زیانی دەبێت، هەندێك جۆر خۆراك هەن مرۆڤ دەیانخوات و زیانیان هەیە، لەوانەش بۆ وەچەخستنەوە.
بەپێی پێویستیی سەردەم چەند جۆرێك خواردن هەن كە سروشتی نین و لە بەرهەمهێنانیان زیاتر گرنگی بە تام و چێژەكەیان دراوە، رەنگە زیانبەخش بن، وەك ئەو خۆراكانەی مادەی پارێزراو و شیرینی و گۆشتی دروستكراویان تیادایە، كە رەنگە بە ئاسانی ئامادە بكرێن و تامێكی سەرنجكراكێشیان هەبێت، بەڵام زیانیان هەیە.
شارەزایان ئاماژە دەكەن خۆراكەكانی چارەسەر كراون یان دەستكاری دەكرێن كاریگەرییان لەسەر توانای وەچەخستنەوەی مرۆڤ هەیە، لەوانە ئەگەری دووگیانبوون لە ژن و پیتاندن لە پیاو كەم دەكەنەوە، جا سروشتی بێت یان دوای چارەسەری، دەركەوت ئەو جۆرە خۆراكانە دەبنە هۆی دروستبوونی هەوكردن و شێوانی هۆرمۆنی، بەوەش كار لە كوالێتی سپێرم و هێلكۆكە دەكەن.
د. جاستن چۆ بەڕێوەبەری پزیشكی لە سەنتەری ئۆكسفۆرد بۆ وەچەخستنەوە روونی كردەوە، رێژەی زۆری شەكر و مادە زیادكراوەكان بۆ خۆراك، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەوكردن و بەئۆكسیدبوون لە خانەكانی گون و هێلكەدان و منداڵدان، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازیی توانای وەچەخستنەوە، لە ژن كار لە كوالێتی هێلكۆكە دەكات و لە پیاوانیش كوالێتی سپیرم لە رووی ژمارە و توانای جووڵانەوەیان.
لەو جۆرە خۆراكانەش كە زیانبەخشن، خواردنەوە غازییە شیرینكراوەكان و ژەمە سووكە لەقوتوونراوەكان و خواردنە ئامادەكراوەكان و گۆشتە دروستكراوەكان، لە بەرانبەردا شارەزایان رێنوێنی خواردنی خۆراكە سروشتییەكان دەكەن، لەوانە سەوزە و میوە و دانەوێڵەی تەواو و پڕۆتینی كەمچەوری وەك مریشك و ماسی.