توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە، پارێزگاریکردن لە کێشێکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە کۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی ورگدا، یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی کارکردنی مێشک بە شێوەیەکی تەندروست لەگەڵ هەڵکشانى تەمەندا.
گۆڤاری زانستی
JAMA Open Network توێژینەوەیەکى بڵاو کردەوە، لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، جۆری ژەمە خۆراکییەکان و پێوەرەکانی پێکهاتەی چەوریی ورگ کاریگەریی لەسەر تواناکانی مێشک دەبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی بەرەوپاش چوونی توانا ژیرییەکانی کەسەکە.
ئەم ئەنجامانە بەدەستهاتووە لەلایەن تیمێکی لێکۆڵینەوە کە لە چەند زانکۆیەکەوە پێکهێنرا بوون لەوانە، لایپزیگ لە ئەڵمانیا، ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا و مۆنپیلیە لە فڕەنسا، دوای شیکردنەوەی داتای دوو گروپ لە کەسانی پێگەیشتوو، کە گروپی یەکەم زیاتر لە 500 کەسی تەمەن ناوەڕاستی لەخۆ گرتبوو، کە بۆ ماوەی 30 ساڵ چاودێری خووەکانی خواردنیان دەکرا.
گروپی دووەم، بریتی بوون لە نزیکەی 660 کەس کە لە کاتی گەیشتنیان بە تەمەنی 70 ساڵی سکانی مێشکی ئێم ئاڕ ئای و پشکنینی توانای دەروونییان بۆ کراوە.
توێژینەوەکە دەریخستووە، خواردنی خۆراکی تەندروست تا تەمەنی ناوەڕاست، یارمەتیدەرە بۆ باشتربوونی کارکردنی مێشک لەگەڵ گەورەبوونی تەمەن.
جێی ئاماژەیە، بەشێک لە مێشک بەرپرسە لە دروستکردن یاخود هەڵگرتنی یادەوەری، بەشێکیشی بەرپرسە لە فێربوون و سەرنجدان و چارەسەرکردنی کێشەکان، دەرکەوتووە زیادبوونی ئاستی چەوریی ورگ پێوەندیی بە خراپی بیرەوەری و کارکردنی مێشکەوە هەیە.
لە لێدوانێکدا کە ماڵپەڕی توێژینەوەی پزیشکی ڕۆژی تەندروستی "Health day" بڵاوی کردووەتەوە، توێژەران پشتڕاستیان کردەوە کە باشترین کات بۆ پابەندبوون بە خواردنی ژەمە تەندروستەکان و ڕزگاربوون لە چەوریی ورگ بە مەبەستی پاراستنی توانا دەروونییەکان لە نێوان تەمەنی 48 بۆ 70 ساڵی دایە.