رووسیا و چین نەشتەرگەرییەكی دڵ لە دوورەوە ئەنجام دەدەن

:: PM:08:55:24/03/2025 ‌

نەشتەرگەریی دڵ یەكێكە لە جۆرە هەستیارەكانی نەشتەرگەری، كە پێویستی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی پزیشكی پسپۆڕ هەیە، میدیاكانی رووسیا ئاماژەیان كرد كە نەخۆشێك لە شارێكی رووسیا نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی دڵی لە لایەن پزیشكێكی چینییەوە لە دوورەوە بۆ كراوە.

وەك ئاژانسی "تاس"ی رووسی بڵاوی كردەوە، د. چی جین پزیشكی پسپۆری نەشتەرگەریی دڵی چینی لە شاری شەنگهای بووە، ئەو لە رێگەی چەند رۆبۆتێكەوە لە دوورەوە نەشتەرگەرییەكی دەگمەنی بۆ نەهێشتنی ناڕێكی لێدانی دڵی بۆ نەخۆشێكی رووسی لە شاری نۆڤۆسیبیرسك ئەنجام داوە، نەشتەرگەرییەكە لە رێگەی سیستمی رۆبۆتی " Stereotaxis" بووە، كە تاكە سیستمە لە رووسیا بۆ ئەنجامدانی قەستەرەی دڵ لە دوورەوە پشتی پێ دەبەسترێت.  

نەشتەرگەرییەكە ماوەی سەعاتێك و نیوی خایاند و لە ژێر سەرپەرشتیی تیمێكی نێودەوڵەتی پزیشكان ئەنجام درا، كە لە چوارچێوەی كارەكانی دووەم لووتكەی سیبریا بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی لەرزینی گوێچكۆڵەی دڵ كۆبووبوونەوە، پزیشك و پسپۆڕان نموونەیەكی سێ رەهەندییان بۆ گوێچكۆڵەی دڵی نەخۆشەكە دروست كرد بۆ دیاریكردنی وردی ناوچە زیان لێكەوتووەكە، نموونەكە رەوانەی لای پزیشكە چینییەكە كرا و لە كاتی نەشتەرگەرییەكەدا كە رێگەی ماوسی كۆمپیۆتەرەكەیەوە كۆنترۆڵی رۆبۆتەكانی رووسیای كرد و لەو رێگەیەوە نەشتەرگەرییەكەی ئەنجام دا و چارەسەری ناڕێكیی لێدانی دڵی كرد، نەخۆشەكەش لە كاتی نەشتەرگەرییەكەدا لە هۆش خۆی بووە و هەستی بە ئازار نەكردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل