كاركردن لە شەفتی شەوانە چەند مەترسییەكی هەیە، واتە مەترسیی تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی وەك كێشەكانی دڵ و سەكتەی مێشك زیاترە بە بەراورد بەوانەی شەوانە كار ناكەن، توێژەران رێگەیەك دیاری دەكەن یارمەتی ئەوان دەدات لە خۆپاراستن لەو نەخۆشیانە.
لە
توێژینەوەكانی پێشوو دەركەوتووە كە ئەو كەسانەی لە شەفتی شەوانە كار دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە چەندان كێشەی تەندروستی زیاترە، لەوانە كێشەكانی دڵ و سەكتەی مێشك، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی نەرێنی ئەو جۆرە كاركردنە لەسەر كاتژمێری بایۆلۆجیی لەش و كاتی ژەمەكانی خواردنەوە.
توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە خواردنی خۆراك تەنیا لە رۆژ، ئەگەری ئەو كەس كاری شەوانەش بكات، یارمەتی دەدات بۆ خۆپاراستن لە كێشە تەندروستییەكانی پێوەندیدار بە كاركردن لە شەفتی شەوانە، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە كاتی خواردن زۆر مەترسیدارترە لەسەر دڵ و لوولەكانی خوێن بە بەراورد بە كاتی خەوتن.
د. فرانك شیر سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە لە نەخۆشخانەی بریگهام لە بۆستن دەڵێت، پێشتر بۆمان دەركەوتبوو كە شێوانی كاتژمێری بایۆلۆجیی لەش هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن زیاتر دەكات، بۆیە ویستمان بزانین چۆن دەتوانین ئەو مەترسییانە كەم بكەینەوە، بۆیە توێژینەوە نوێكانمان دەریان خست كە كاتی خواردن گرنگە، واتە رێكخستنی كاتەكانی خواردن لەگەڵ كاتژمێری بایۆلۆجی مەترسییەكانی سەر تەندروستی كەم دەكەنەوە، لەوانەی تا بەیانی بەهۆی كاركردنەوە ناخەون.
توێژەران تاوتوێی چۆنیەتی كارتێكردنی كاتی خواردنیان لەسەر تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن كرد، چۆن بە كاركردنی شەوانە كاریگەر دەبێت، دەركەوت لەو كەسانەی بە رۆژ و شەوانە خۆراكیان خواردووە، لە دوای كاركردنی شەوانە، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن زیادی كردووە، هەرچی ئەوانەیە كە تەنیا بە رۆژ خۆراكیان خواردووە مەترسییەكە لەسەر ئەوان وەك خۆی بووە.