گورچیلەكان رۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بۆیە هەر كێشەیەك لەوان دەبێتە هۆی مانەوەی خوێ و شلەی زیاد لە لەش و چەند كاریگەرییەكی نەرێنی دروست دەكەن، لەوانە بەرزیی پەستانی خوێن و نەخۆشیی دڵ و كێشەی ئێسك، رەنگە دۆخەكە بەرەو پەككەوتن و وەستانی گورچیلەكان سەر بكێشێت.
گورچیلە چەند فەرمانێكی گرنگی هەیە، لەوانە كردنەدەرەوەی پاشەڕۆ و شلەی زیاد لە خوێن، پەستانی خوێن رێك دەخات و یارمەتی هاوسەنگكردنی كالیسیۆم دەدات، هەندێك خووی رۆژانە هەن گوورچیلەكان لەناو دەبەن لەوانە:
خواردنی ئازارشكێن و دژەهەوكەرەكان، وەك ئیبۆپرۆفین و ئەسپرین، زیان بە بۆرییەكانی گورچیلە دەگەیەنن، بەتایبەتی لە كەسانی بە تەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، خواردنەوەی كەمی ئاو، گورچیلەكان پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ یارمەتیدانیان لە كردنەدەرەوەی پاشماوەكان، بۆیە وشكهەڵگەڕان دەبێتە هۆی خەستیی میز و زیادبوونی مەترسیی دروستبوونی بەرد و هەوكردنی لوولەكانی میز.
زۆر خواردنەوەی كحول كە كار لە هاوسەنگیی شلە دەكات و پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە، بەوەش گورچیلەكان ماندوو دەبن، جیا لەوە جگەری زیانلێكەوتوو بەهۆی كحولەوە، ئەویش گوشار دەخاتە سەر گورچیلەكان، جگەرەكێشان، هەندێك مادەی ناو جگەرە وەك كادمیۆم، راستەوخۆ زیان بە گورچیلە دەگەیەنن، جیا لەوە جگەرەكێشان لوولەكانی خوێن لاواز دەكەن و مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن زیاتر دەكەن، وەك شەكرە و بەرزیی پەستانی خوێن، بەوەش مەترسیی لەناوچوونی گورچیلەكان زیاتر دەبێت.
قەڵەوی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و كێشەی دڵ زیاد دەكات، كە دوو هۆكاری كێشەی گورچیلەن، ئەوە جیا لە خواردنی سوێر و چارەسەركراوەكانی وەك گۆشتی بەرهەمهێنراو و خواردنەوەی گازی كە چەوری و خوێ و شەكر و مادەی پارێزراویان تیادایە، ئەوانەش مەترسیی تووشبوون بە كێشەی گورچیلە زیاد دەكەن، كەمخەوی، ئەوەش پێوەندی بە زیادبوونی كێشەی گورچیلەكانەوە هەیە.