د. ستیڤن ویلیامز پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ وریایی لە شێوازی ژیانی ناتەندروست و خامۆش و كەمجووڵە دەدات، بەوەی زۆر دانیشتن زیانی بۆ تەندروستی هەیە بە هەمان شێوەی جگەرەكێشان هەیەتی.
روونی كردەوە، دانیشتنی بەردەوام مرۆڤ تووشی كێشەی درێژخایەنی تەندروستی دەكات، وەك زیادبوونی كێش و بەرزیی پەستانی خوێن و كێشەی دڵ، لەوكاتەی شێوازی ژیانی ئێستە پێویست بە مانەوە بۆ چەندان سەعات لە نووسینگە و لەسەر مێز و لەبەردەم شاشەی كۆمپیۆتەر دەكات، ئەوەش بە نەرێنی كار لە تەندروستی دڵ و لوولەكانی خوێن دەكات.
وەك رۆژنامەی
"میرۆر"ی بەریتانی باسی دەكات، ئەو پزیشكە پێی وایە تەنیا ئەوەندە بەس نییە لە شوێنی كارەكەت بوەستیت، چونكە ئەوە قەرەبووی پێویستی بە جووڵانەوەی بەردەوام ناكات، بۆیە چالاكیی جەستەیی پێویستە، چونكە ئاستی كۆلیسترۆڵ باش دەكات و ئێسك بەهێز دەكات و پەستانی بەرزی خوێن و هەوكردن كەم دەكاتەوە، ئەوانەش تەندروستی دڵ دەپارێزن.
لای خۆیەوە بن گرینفیڵد شارەزا و پسپۆڕی توانای جەستەیی دەڵێت، دانیشتن بۆ ماوەیەكی دوورورێژ وەك 60 بۆ 90 خولەك، زیانی بۆ لەش هەیە، جا بە دانیشتن یا بە وەستان بێت، گرنگە مرۆڤ بە بەردەوام جووڵە بكات، دەتوانی رۆژانە دووجار بۆ ماوەی 10 بۆ 15 خولەك لێدانی دڵت بەرز بكەیتەوە، شارەزایان دووپاتی دەكەنەوە پێویستە مرۆڤ هەر 30 خولەكێك بجووڵێتەوە، لەوانە رۆیشتن، كە بۆ تەندروستی و نەهێشتنی رارایی باشە.