لە پشكنینی تۆڕی چاودا نیشانەكانی پێشوەختەی تووشبوون بە زەهایمەر دەردەكەوێت

:: AM:10:14:13/04/2025 ‌
لە داهێنانێكی نوێی زانستیدا ئەنجامی توێژینەوەیەك دەریخستووە، لە پشكنینی چاوەكاندا نیشانەكانی پێشوەختەی ئاستی خەڵەفان و زەهایمەر دەردەكەون، ئەویش بەرلەوەی كەسەكە تووشی ئەو نەخۆشییە ببێت. توێژینەوەكە لە زانكۆی ئۆتاگۆ لە نیوزلەندا كراوە كە توێژەران بە ئەنجامێكی ئەرێنی گەیشتوون.

پێگەی "عەرەبیە" توێژینەوەكەی لە پێگەی Money Control  وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، ئاشلی باریت یۆنگ كە مامۆستای زانستی دەروونییە لە زانكۆی ئۆتاگۆ و توێژەری سەرەكیی توێژینەوەكەیە، لەوبارەیەوە گوتی، تۆڕەكانی چاو راستەخۆ پێوەستن بە مێشك و لە پشكنینی تۆڕەكانی چاودا، دەردەكەوێت كەسەكە تا چەند لە زەهایمەر نزیك بووەتەوە یان لێی دوورە، چونكە پشكنینەكە وردە دەمارەكانی چاویش دەگرێتەوە.

ئاشلی زیاتر روونی دەكاتەوە، تۆڕی چاو چینێكی هەستەوەریی ئەو تیشكەیە كە لە پشتی چاوەوەیە، ئەویش بەشێكە لە مێشك و پێوەستە پێیەوە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لەسەر تۆڕەكانی چاو بێت، بەهەمانشێوە كاریگەریی لەسەر مێشك دەبێت، بۆ ئەوەیش پێشبینیی پێشوەختەی خەڵەفان و زەهایمەر دەستنیشان دەكرێت.

باس لەوەش دەكات كە وردە دەمارەكانی چاو، بەهەمانشێوە بەڵگەی دروست لەوبارەیەوە بەدەستەوە دەدەن كە وردە دەمارەكان تا چەند نیشانەی پێشوەختەی زەهایمەریان تێدایە. هەروەها دەمارە تەسكەكانیش نیشانەی ئەوە دەردەخەن كە مێشك لە پیری نزیك بووەتەوە. بەڵام توێژینەوەكە دووپات دەكاتەوە كە مەرجیش نییە ئەنجامی پشكنینەكان دروست تووشبوون بە زەهایمەر دەستنیشان بكەن و ئەوەیش جۆرێكە لە پێشبینی، بۆیە دووپات دەكاتەوە كە دڵەڕاوكێی ناوێت.

ئەوەش دەڵێ كە تەندروستیی چاو پێوەستە بە بینینی زۆرباش، بۆیە زۆر گرنگە پارێزگاری لە چاوەكان بكرێت كە دواتر دەبێتە پارێزگاری لە مێشك.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د