بەهۆی زۆریی سەرچاوەی زانیارییە تەندروستییەكان خەڵك زۆر لەبارەی تەندروستی و چۆنیەتی خۆپاراستن لە قەڵەوی و نەخۆشییەكان دەزانێت، یەكێك لە كێشە گەورەكانی مرۆڤایەتی قەڵەوی و كێشی زیادی لەشە، كە بووەتە سەرچاوەی نەخۆشی و نارەحەتیی مرۆڤ، كە رەنگە بتوانرێت بە چەند گۆڕانكارییەكی ئاسان لە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك كۆنترۆڵ بكرێت.
شارەزایان باسی ئەوە دەكەن كە تەندروستیی مرۆڤ پێوەستە بە چەند هاوسەنگییەك، لەوانە لە نێوان جووڵە و وەرزش و چالاكیی جەستەیی و خامۆشی و زۆر دانیشتن و پاڵكەوتن، هەروەها لە نێوان ئەو خۆراكانی مرۆڤ حەزیان پێ دەكات و ئەوانەشی سوودیان هەیە، لە نێوان گۆشت و بەرهەمە ئاژەڵی و رووەكییەكان، لە نێوان ئەو بڕە كالۆرییەی لە رێگەی خۆراكەوە وەری دەگرێت و ئەوشی سەرفی دەكات.
بەپێی رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیندیا"، رۆیشتن بژارەیەكی باشە بۆ دابەزاندنی كێش و ژیانێكی تەندروستی مرۆڤ و دابەزینی كێش، كاتێك لە رێگەی رۆیشتنەوە كالۆرییەكی زۆر سەرف دەبێت، واتە ئەگەر كالۆری سەرفكراو زیاتر بێت لەوەی لە خۆراكەوە دێت، كەمبوونەوەی كیش روودەدات، بەپێی بڵاوكراوە تەندروستییەكانی هارڤارد، كەسێك كێشی 70 كیلۆگرام بێت، ئەگەر ماوەی پێنج كیلۆمەتر لە سەعاتێك بڕوات 140 بۆ 150 كالۆری دەسووتێنێت.
بۆیە بۆ لەدەستدانی نیو كیلۆگرام لە چەوری لەش پێویستە نزیكەی 3500 كالۆری بێتە سووتاندن، واتە رۆیشتنی رۆژانەی پێنج و بۆ شەش رۆژ لە هەفتەیەك، لە ماوەی چەند هەفتەیەك ئەنجامەكەی بەدیار دەكەوێت، بەتایبەتی ئەگەر پابەندی بە سیستمێكی هاوسەنگی خۆراكی لەگەڵدا بێت.
بۆ ئەوانەی تازە دەست بە رۆیشتن دەكەن، رۆیشتنی رۆژانەی دوو بۆ سێ كیلۆمەتر ئامانجێكی باشە، لەو قۆناغەدا پابەندبوون بەو بڕە لە خۆماندووكردنی زیاتر گرنگترە، رۆیشتنی رۆژانەی 30 خولەك میتابۆلیسم باش دەكات و كەڵەكەبوونی چەوری كەم دەكاتەوە و تەندروستیی دڵ و لوولەكانی خوێن باش دەكات، هەموو ئەوانەش بەرەو كەمبوونەوەی كێش دەچن.
هەرچی ئەوانەن كە دەیانەوێ كێشی لەشیان لە رێگەی رۆیشتنەوە دابەزێنن، دەتوانن رۆژانە پێنج بۆ حەوت كیلۆمەتر بڕۆن، كە دەكاتە حەوت و 10 هەزار هەنگاو، ئەوە ئەو ژمارەیە كە شارەزایانی توانای جەستەیی لە دنیا دیاریان كردووە، لەگەڵ پیادەكردنی سیستمێكی تەندروستی خۆراك.