وەك شارەزایانی تەندروستی ئاماژە دەكەن چەند هۆكارێك بۆ تووشبوون بە قەڵەوی هەیە، لەوانە بۆماوە و زۆر خواردن و كەمجووڵانەوە، واتە شێوازی ژیان و سیستمی خۆراك و رارایی و هیتریش، توێژینەوەیەكی ژاپۆنی قەڵەویی مرۆڤ بە ساتەكانی لەدایكبوونی دەبەستێتەوە.
توێژینەوەكە ئاماژە دەكات، ئەو كەسانەی لە مانگە ساردەكان لەدایك دەبن، بارستەی لەش و چەوری ناوەوەی لەشیان بە بەراورد بەوانەی لە مانگە گەرمەكان لەدایك بوونە كەمترە، وەك رۆژنامەی "ئێندیپێندنت" باسی كردووە، توێژینەوەكە تیشك دەخاتە سەر كاریگەریی كشەوهەوا لەسەر لەش و كێشی لەش.
توێژەران دەڵێن، جۆرێكی تایبەتی چەوری لەش هەیە بە ناوی چەوری قاوەیی، ئەوەیان گەرمی گرە و یارمەتی لەش دەدات بۆ پارێزگاریكردن لە پلەی گەرمییەكەی، بەتایبەتی لە ژینگە ساردەكان و لە منداڵە تازە لەدایكبووەكان، لە بەرانبەردا چەوریی سپی هەیە كە ئەمباری سەرەكیی وزەیە لە لەش و هۆرمۆنیش دەردەدات.
كاتێك پلەی گەرما دادەبەزێت، لەشی مرۆڤ بڕێكی كەمتر چەوری سپی ئەمبار دەكات، بە بەراورد بەو بڕەی لە كەشێكی گەرم ئەمباری دەكات، توێژەران بۆیان دەركەوت ئەوانەی لە كەشهەوایەكی سارد لەدایك بوونە چەوری قاوەییان زیاترە، كە پێوەستە بە زیادبوونی بەكارهێنانی وزە و زیادی بەرهەمهێنانی گەرمی و كەمبوونەوەی كەڵەكەبوونی چەوری ناوخۆیی و كەمبوونەوەی بارستەی لەش لە تەمەنی پێگەیشتن.