نەخۆشیی شەكرەی گەنجان بەفەرمی راگەیەنرا

:: AM:11:03:19/04/2025 ‌
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی شەكرە "IDF"، ناساندنی جۆرێكی نوێی نەخۆشیی شەكرەی بە فەرمی راگەیاند كە بە جۆری پێنجەمی شەكرە ناساندی، ئەم جۆرەش زیاتر بە شەكرەی گەنجان ناسراوە.

نەخۆشیی شەكرە یەك لە نەخۆشییە درێژخایەنەكانە و زۆرینەی جاریش بەمەترسیدار دێتە هەژمار، نەخۆش لە قۆناغەكانیدا هەست بەماندوویەتی دەكات و زۆربەی جاریش نەخۆشییەكە هۆكارە بۆ نەخۆشیی تر.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی شەكرە، جۆرێكی تری تازەی شەكرەی بە نەخۆشییەكی دەگمەن و شەكرەی دەستپێكردنی پێگەیشتنی گەنجان (MODY) وەسف كردووە. ئاماژەی بەوە داوە كە زیاتر هەرزەكاران و گەنجانی پێگەیشتوو تووشی دەبن، ئەمەش بەهۆی خراپیی جۆری خۆراكەوە دەبێت، نەك قەڵەوی یان شێوازی ژیان.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی شەكرە لە راپۆرتێكدا دەڵێت، پێدەچێت ئەم جۆرە نەخۆشییەی شەكرە، نزیكەی 25 ملیۆن كەس لە دنیادا تووشی ببن، بەتایبەتی لە وڵاتانی كەمداهات و مامناوەنددا، كە گەنجانی بەدەست كەمبوونەوەی توندی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین دەناڵێنن، بەهۆی تێكچوونی كاركردنی خانەكانی پەنكریاسەوە.

ددانپێدانانی فەرمی بەو جۆرەی شەكرە لە كۆنگرەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی شەكرە لە بانكۆكی تایلەند، دوای چەندان ساڵ مشتومڕی پزیشكی لەسەر پۆلێنكردنی وەك نەخۆشییەكی جیاواز و سەربەخۆ.

پزیشكان هۆشداریی دەدەن كە پێدانی ژەمە ستانداردەكانی ئەنسۆلین بەم نەخۆشانە، دەبێتە هۆی دابەزینی توند و ئەگەری كوشندە لە ئاستی شەكری خوێندا، ئەمەش ئەگەری چارەسەركردن ئاڵۆز دەكات.
بەپێی خەمڵاندنەكانی پێشووی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی زیاتر لە 422 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی شەكرە بوون، كە نەخۆشییەكی میتابۆلیكی درێژخایەنە و كاریگەریی لەسەر ئاستی شەكر لە خوێندا هەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی تێكچوونی تەندروستیی دڵ و خوێنبەرەكان و دەمارەكان و ئەندامەكانی تر كە چارەسەر نەكراون.




وشە - سۆران عەزیز