بەهۆی ئەو سترێس و گوشارە دەروونییەی لەسەر مرۆڤی ئەو سەردەمە هەیە، هاوكات بەهۆی شێوازی ژیانی كەمجووڵە و خۆراكی خێرا، تووشبوون بە قۆڵۆن بووەتە شتێكی ئاسایی، كە لە نیشانەكانی ئاوسانی سك و باكردنیەتی، جیا لە قەبزی و سكچوون و هیتریش، زانایان باسی هۆكارێكی تری درێژخایەنی ئەو حاڵەتە دەكەن.
بەپێی شارەزایان تەندروستی جیا لە قۆڵۆن و رارایی، دوو حاڵەتی تر هەن هەمان نیشانە دروست دەكەن، ئەوانیش زۆری یان زیادبوونی گەشەی بەكتریا و كەڕووی ریخۆڵە باریكەیە كە بە (SIBO) و (SIFO) ناسراون، ئەو دوو حاڵەتە لە نیشانەكانیان هاوشێوەن، بەڵام لە هۆكار و چارەسەری جیاوازن.
یەكەمیان بەهۆی زیادبوونی گەشەی بەكتریایە لە ریخۆڵە باریكە، كە لە حاڵەتی ئاسایی بەو شێوە نییە، بۆیە ئەو بەكتریا زیادە دەبێتە هۆی ترشانی ئەو كاربۆهیدراتەی لە خۆراكدا هەیە و چەند غازێكی وەك هایدرۆجین و میسانی لێ بەرهەم دێت، ئەوانەش ئاوسانی سك و قەبزی و سكچوون و پێچ و گرژبوون و ئازاری سك و كەمیی كێش و هەڵمژینی مادە خۆراكییەكان دروست دەكەن.
هەرچی حاڵەتی دووەمە، بریتییە لە زیادبوونی گەشەی كەڕووەكان لە ریخۆڵە باریكە، بەتایبەتی لە جۆری كاندیدا و نیشانەی هاوشێوەی زیادبوونی گەشەی بەكتریایە، واتە ئاوسانی سك هیڵنج و هەستكردن بە نارەحەتی و پڕبوونی سك و بەدهەرسی، رەنگە دوای وەرگرتنی ئەنتی بایۆتیك دروست ببێت یان لە حاڵەتی لاوازیی سیستمی بەرگریی لەش یان بەكارهێنانی كۆرتیزۆن، كە دەبنە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی فلۆرا، واتە بەكتریا و زیندە بوونەوەرەكان لە ریخۆڵە باریكە.