پێشتر چەندان جار قسە لەسەر سوودەكانی چای سەوز و رەش بۆ تەندروستیی مرۆڤ كراوە، بەڵام لە توێژینەوەیەكی نوێدا رۆشنایی خراوەتە سەر "چای شین" كە سوودەكانی بۆ تەندروستی زۆرن. بۆیە بەشی تەندروستیی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی لەبارەی ئەو توێژینەوەیە و سوودەكانی چای شین، هەواڵی بڵاو كردووەتەوە.
پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "ئیندیا تودەی" وەرگرتووە، ئاماژەی داوە كە سەرچاوەی چای شین، بۆ گەڵای گوڵی بازلای شین دەگەڕێتەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا بایەخی پێ دراوە. توێژینەوە نوێیەكە بەوە گەیشتووە كە چای شین بۆ تەندروستیی زۆر بەسوودە، چونكە دەوڵەمەندە بە دژەئۆكسید و شانەكانی جەستە دەپارێزێت، جیا لە چەندان سوودی تری ئەو چایە.
لە ئەنجامی توێژینەوەكەدا پسپۆران بەوە گەیشتوون كە چای شین لەبەرئەوەی ئەستیل كۆلین بەرهەم دێنێت، بۆ هۆشی مرۆڤ بەسوودە و بیركردنەوەی بەهێزتر دەكات. هاوكات ئەو چایە رۆڵی بۆ كێش هەیە و لەگەڵیدا بەشێوەی سروشتی مادەی كافاینی تێدا نییە.
ئەنجامی توێژینەوەكە باس لەوە دەكات، چای شین پێستی رووخسار جوانتر دەكات و پارێزگاری لە بەرهەمهێنانی كۆلاجین دەكات كە دواتریش سوودی بۆ نەهێشتنی هەوكردن هەیە. هەروەها ئەو چایە سوودی زۆری بۆ تەندروستیی چاو هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی مادەی فلابۆنۆیدات لە چایەكە و وا دەكات خوێن بە ئاسانی بۆ چاوەكان بچێت.
هاوكات باس لەوە دەكرێ كە چای شین رۆڵی زۆری هەیە بۆ میزكردن، بەهۆیەوە جەستە لە مادەی ژەهراوی و شلەمەنییە زیادەكان پاك دەكاتەوە، هەروەها ئاستی شەكر لە جەستە رێكدەخات و هاوسەنگی گلۆكوز لەناو خوێندا دەپارێزێت.
ئاماژە بەوەش دراوە كە چای شین هۆكارە بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی، لەگەڵیدا بەرگریی جەستە بەهێز دەكات و مووی پرچ بەهێزتر دەكات، چونكە رۆڵی گرنگی هەیە بۆ هاتوچۆی خوێن بۆ پێستی سەر.
دواتریش باس لەوە دەكرێت كە چای شین چەندان ڤیتامین لەخۆ دەگرێت وەك A, C, E, B1, B2, B6, B5, B7. هەروەها كالسیۆم و مەنگەنسیۆم و زنك و ئاسن و نیاسین و ترشەڵۆكی فۆلیك لەخۆ دەگرێت.