زانایانی ئیسپانیا لە توێژینەوەیەكی نوێدا بەوە گەیشتوون، كەمیی ڤیتامین "دی" لە جەستەی مرۆڤ جیالەوەی تووشی زۆر نەخۆشیی دەكات و بەتایبەتی ئیسك و ماسولكە لاواز دەكات یان دەیپووكێنێتەوە، هاوكات كەمیی ئەو ڤیتامینە وا دەكات كردەی سێكسكردن بەتەواوی سست بێت، بەتایبەتی لەلای پیاوان.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم 23ی نیسان، هەواڵەكەی لە گۆڤارێكی بەریتانیی بۆ زانستی دەرمان وەرگرتووە و ئاماژەی داوە، زانایانی ئیسپان لە توێژینەوەكە بەوە گەیشتوون، كەمیی ڤیتامین "دی" لە جەستەی مرۆڤ، تەنیا ئەوە نییە كێشە بۆ ئێسك و ماسولكە دروست بكات و پەكیان بخات یان بەتەواوی لاوازیان بكات، بەڵكو ئەركی سێكسكردن بەتەواوی سست دەكات.
زانایان دەڵێن كە كەمیی ئەو ڤیتامینە، وا دەكات "چووك" بەئاسانی توانای ئامادەیی بۆ كردە سێكسییەكە نەبێت و لاواز بێت، یان ئارەزووی بۆ كردنی سێكس نەبێت. بۆیە دووپات دەكەنەوە بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشیی لاوازیی سێكس دەبن، زۆربەی پزیشكان جیا لە دەرمانەكانی تر، چارەسەری ڤیتامین "دی" پێشنیاز دەكەن.
باس لەوە دەكرێ كە لە بەریتانیا لە ناو 10 كەسدا یەك كەس لە قۆقازییەكان تووشی ئەو حاڵەتە دەبێت و كەمیی ڤیتامینەكەی هەیە، هەروەها لەناو رەشپێستەكان یەك لەسەر سێیان هەمان كێشەیان هەیە، ئەوانەی ئاسیایین دروست نیوەیان كەمیی ڤیتامین "دی"یان هەیە.
پزیشكان بۆ دەستەبەركردنی ڤیتامین "دی" ئامۆژگاری دەكەن، هەرچی پێتان دەكرێ چارەسەری سروشتی وەربگرن كە لە تیشكی خۆر بۆ سەر پێست وەردەگیرێت، بەتایبەتی ئەو كێشانەی لە كەمیی ئەو ڤیتامینە روو دەدەن، زیاتر دەكەونە وەرزی زستان و كەسی سەرما، بۆیە باشترە لەو كەشەدا پەنا بۆ خواردنی ماسیی سەلەموون و ماكریل و هێلكە و شیرەمەنییەكان ببەن، ئەنجامەكەی بۆ بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن و نەخۆشیی شەكرە و دڵەڕاوكێ زۆرباش دەبێت.
دواتریش زانایان دەڵێ زۆر بەكارهێنانی ڤیتامین "دی"یش كێشەی خۆی هەیە، بۆیە ئەوانەی بۆ ماوەیەكی زۆر ئەو ڤیتامینە بەكار دێنن، بۆ سەر ژیانیان مەترسیدارە. بۆیە پزیشكانی دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانی، هۆشداریی داوە كە لە بەركاهێنانی ڤیتامین "دی" زێدەڕۆیی نەكەن، چونكە ئەوكات كالسیۆن لەناو جەستە كۆ دەبێتەوە و بەهەمانشێوە كاردانەوەكەی بۆ لاوازیی ئێسك و ماسولكەكان و گورچیلە و دڵ دەبێت.