پزیشكێكی كورد رای گەیاند، پێكەنین بەرگریی جەستە بەرز دەكاتەوە، پێكەنین خانەكانی بەرگری زیاد دەكات و دژەتەنی بەرەنگاربوونەوەی هەوكردن زیاد دەكات.
د. دالیا تاریق پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، لە نووسینێكدا چەندان سوودی تەندروستیی پێكەنین دەخاتەڕوو، "توێژینەوەكان دەریدەخەن كە پێكەنینێكی باش، دەتوانێت سوودی بەهێزی هەبێت بۆ تەندروستیی دەروون و جەستە".
د. دالیا دەڵێت: پێكەنین بەرگریی جەستە بەرز دەكاتەوە، خانەكانی بەرگری زیاد دەكات و دژەتەنی بەرەنگاربوونەوەی هەوكردن زیاد دەكات، یارمەتیت دەدات تەندروستتر بمێنیتەوە.
ئەو پزیشكە ئەوەشی گوتووە كە پێكەنین، سترێس و دڵەڕاوكێ كەم دەكاتەوە، هۆرمۆنەكانی سترێس دادەبەزێنێت و ئەندۆرفین، مادە كیمیاییە سروشتییەكانی جەستە بۆ هەستكردن بە باشی دەردەدات.
"پێكەنین دڵت دەپارێزێت، سوڕی خوێن باشتر دەكات و پەستانی خوێن كەم دەكاتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە. ئازارەكان بەشێوەیەكی سروشتی كەم دەكاتەوە. پێكەنین دەبێتە هۆی دەردانی ئازارشكێنە سروشتییەكان، كەمكردنەوەی ناڕەحەتی و گرژیی ماسولكەكان. تەندروستی دەروونی باشتر دەكات، یارمەتیی بەرەنگاربوونەوەی خەمۆكی دەدات، میزاج ڕێك دەكاتەوە، پێوەندیی كۆمەڵایەتی بەهێز دەكات"، د. دالیا وا دەڵێت.