دوای گیان لەدەست دانی ژنێك لە سلێمانی بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانكاری، بەرپرسێكی تەندروستیی هەرێم هەڕەشەی جوڵاندنی سكاڵای یاسایی لە دژی ئەو پزیشك و كەسانە دەكات، كە لەبەر كێبڕكێی مادی دەیانەوێت زۆرترین نەشتەرگەری بۆ هاووڵاتییان ئەنجام بدەن.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكاری دژی ئەو نەخۆشخانە و پزیشكە گرتەبەر كە بەهۆی نەشتەرگەرییەكی ئەوانەوە، كە تایبەت بووە بە دەرهێنانی چەوریی ورگ گیانی لەدەست دا.
ئەختەر عەزیز خانمێكە نەشتەرگەریی كێش دابەزاندنی ئەنجام داوە، بە "وشە"ی راگەیاند، زیادبوونی كێشی لەش ناچاری كردم كە لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت ناو تۆمار بكەم و بە نرخێكی گونجاو نەشتەرگەرییەكە ئەنجام بدەم.
زیاتر گوتی، نەمزانی ئێستە بەشێك لەو پزیشكانە مۆڵەتی كاركردنیان لەو بوارە نییە، کەچی هەڵدەستن بەئەنجام دانی نەشتەرگەریی جوانكاری و كارەساتی دڵتەزێن دەنێنەوە.
باسی لەوە كرد، دوای چەند رۆژێك بە ماوەیەكی كەم هەستم كرد ئەو شوێنەی چەورییان لێ دەركردووە بەردەوام ژان و ئازاری هەیە، دوای ئەوەی چوومەوە لای پزیشكەكە سەری سووڕما كە نەشتەرگەرییەكە هەڵەی تێدا كراوە و دەبێت دووبارەی بكاتەوە، بەڵام نەمهێشت و سكاڵام لەسەری تۆماركردووە و چاوەڕێم دادگا كەیسەكە یەكلا بكاتەوە.
روونیشی كردەوە، چاولێكەری و هەرزانیی نرخ هۆكارن بۆ ئەوەی بەلێشاو بەشێك لە خانمان روو لە نەشتەرگەریی جوانكاری و دەرهێنانی چەوریی ورگ بكەن.
لای خۆیەوە د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بۆ "وشە" گوتى، لە راستیدا بابەتی نەشتەگەریی دابەزاندنی كێش بابەتێكی زۆر گەرمە، خانمان و پیاوان و زۆربەی گەنجان پەنا بۆ نەشتەرگەرییەكە دەبەن و لابردنی چەوری و بچووككردنەوەی گەدە رووی لە هەڵشكانە.
دووپاتی كردەوە، تیكەڵاوییەك لە دەستنیشان كردنی كاری پزیشكەكان روویداوە، لەبەرئەوەی ئەم زانستە تازەیە و دەرهێنانی چەوری و بچووككردنەوەی گەدە تازە هاتووەتە ناو زانستی پزیشكییەوە و بەشێك لە پزیشكەكان پەنا دەبەن بۆ نەشتەرگەری.
زیاتر گوتی، پسپۆڕییەكە تایبەت نییە بە كاری پزیشكێك، بە نموونە ئەوانەی كاری نەشتەرگەریی گشتی دەكەن بە مافی خۆیانی دەزانن كە ئەم كارە بكەن، ئەوانەی نەشتەگەریی جوانكاری یا پزیشكی هەرس و جگەر یا پێستن، بە هەمان شێوە بە مافی خۆیانی دەزانن.
لەبارەی هۆكاری زیادبوونی قوربانییەكان، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، ئاشكرای كرد، بڕیاری نازانستی لە شوێنی نەگونجاو تا نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت و ژیانی خەڵك بكەوێتە مەترسییەوە.
نەیشاردەوە، كە ئێستە بۆ بەدواداچوونی سكاڵای هاووڵاتییان و ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە، چەندان لیژنەی بەدواداچوون هەیە.
لەبارەی ئەو خانمەی دوای گەڕانەوەی لە دەرەوە بۆ سلێمانی گیانی لەدەست دا، د.سەباح رای گەیاند، زۆرجار ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەوروپا دەگەڕێنەوە پەلەیانە و كاتیان كەمە، بەداخەوە كۆمەڵێك پزیشكیش هەیە كێبڕكێی مادی دەكەن و دەیانەوێت نەشتەگەری بە نرخێكی كەم و كاتی خێرا ئەنجام بدەن.
وشە/ رێبین پێنجوێنی