وریابن.. زێدەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی مریشك زیانتان پێ دەگەیەنێت

:: AM:10:00:27/04/2025 ‌
زۆرن ئەوانەی وەك جێگرەوەی گۆشتی سوور، زیاتر گۆشتی مریشك بەكار دێنن تا لە مەترسییەكانی گۆشتی سوور دوور بكەونەوە، بەڵام بۆ خواردنی گۆشتی مریشكیش وەك توێژینەوەیەك ئاشكرای كردووە، ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی مریشك بكرێت، مەترسی لەسەر ژیانتان دروست دەكات، بەتایبەتی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە.

پێگەی "شەرق ئەوسەت" كە هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" وەرگرتووە و توێژینەوەكە لەو رۆژنامەیە بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە دراوە كە زێدەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی مریشك بەتایبەتی ئەگەر گۆشتەكەی لەناو رۆن و زەیتدا سوور بكرێتەوە، مەترسییەكەی كەمتر نییە لە گۆشتی سوور، بۆیە پسپۆران ئاماژە بەو رێژەیە لە خواردنی گۆشتی مریشك دەدەن كە پێویستە مرۆڤ پێوەی پابەند بێت تا تووشی نەخۆشیی مەترسیدار نەبێت.

لە ساڵی 2015دا ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە نەخۆشیی شێرپەنجە كە سەربە رێكخراوی تەندروستیی جیهانییە، رای گەیاند كە گۆشتی سوور بەتایبەتی گۆشتی مانگا، گۆڵك، بەزار، ئەسپ و بزن، هۆكارن بە تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە، بەڵام ئەو ئاژانسە خواردنی گۆشتی سپیی وەك پەلەوەر و كەروێشكی بە تووشبوون بەو نەخۆشییە بەدوور زانیوە. بەڵام توێژینەوە نوێیەكە دووپات دەكاتەوە كە نابێ زێدەڕۆیی بە خواردنی گۆشتی پەلەوەری وەك مریشك بكرێت، چونكە مەترسیی رژدی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە.

پێشتر باس لەوە دەكرا كە گۆشتی مریشك بە باشترین خۆراك هەژمار دەكرا، بەوەی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و هەروەها چەورییەكانی زۆر كەمترە وەك لە گۆشتی سوور. بەڵام كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ پەلەوەر DGA، پێوەرێكی بۆ خواردنی گۆشتی مریشك داناوە كە نابێ مرۆڤ لەوە زیاتر بخوات، بۆ ئەوەیش دەڵێت نابێ لەناو یەك هەفتەدا سێ جار زیاتر گۆشتی مریشك بخورێت، بەجۆرێك هەرجارەی 100 گرام زیاتر نەبێت. واتە لەناو یەك هەفتەدا دەگاتە 300 گرام.

لێكۆڵەوەرانی تەندروستیی ئیتاڵی، بەمدواییە دووپاتیان كردووەتەوە، ئەگەر ئەوانەی لە هەفتەیەكدا گۆشتی مریشك لە 300 گرام زیاتر بخۆن، 27% لە مەترسیی مردن نزیك دەبنەوە.

توێژەران لە پەیمانگەی نیشتمانی بۆ نەخۆشییەكانی گەدە لە ئیتاڵیا كە لە توێژینەوەكەیاندا چاودێریی چوار هەزار و 869 كەسیان بۆ ماوەی 19 ساڵ كردووە. بەردەوام كێشیان و هاوكات پاڵەپستۆی خوێنیان تۆمار كردووە، جیا لە وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی خووەكانیان و چۆنێتیی خواردنیان. هەروەها رێژەی خواردنی گۆشتی سوور و پەلەوەر تا بزانرێ تا چ ئاستێك پرۆتینیان وەرگرتووە، دەركەوتووە لەو ماوەیەی چاودێرییان كردوون واتە 19 ساڵ، هەزار و 28 كەسیان مردوون، دەركەوتووە 41% گۆشتی سپیی پەلەوەر و كەروێكشیان خواردووە.

هەمان پەیمانگە ئەوەشی گوت، ئەوانەی لە یەك هەفتەدا زیاتر لە 300 گرام گۆشتی مریشكیان خواردووە، بەراورد بەوانەی 100 گرام كەمتر گۆشتی مریشكیان خواردووە، ئەگەری زۆر هەیە تووشی شێرپەنجەی گەدەبن.

تیمی توێژینەوەكە پێیان وایە زێدەڕۆیی لە خواردنی گۆشتی مریشك، هۆكارەكەی زیاتر سووركردنەوەی گۆشتەكەیە بە رۆن و زەیت و زۆرجاریش ژەهراویی دەكات.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د