كەی لەبیركردنی شتەكان مەترسیدارە؟

:: PM:07:02:27/04/2025 ‌

رەنگە رۆژانە شت لەبیر بكەین، بەتایبەتی بەهۆی جەنجاڵیی مێشك و پەرتەوازەبوونی سەرنج و زۆر بیركردنەوە و بەتەمەنداچوون و هیتریش، كەسانێك بە دوای چاویلكەكەیان دەگەڕێن رەنگە لە چاویان بێت، یان نازانن ئۆتۆمبێلەكەیان لە كوێ پارك كردووە، بەڵام ئەو حاڵەتانە كەی مەترسیدارن؟

د. دانیال لیزلی پزیشكی پسپۆڕی دەمارەكان دەڵێت، لەگەڵ تێپەڕبوونی كات كەمبوونەوەی سەرنج لەسەر هەندێك وردەكاریی ژیان رەنگە ئاسایی بێت، چونكە هەرچەند بچینە ناو تەمەنەوە توانای بیرهاتنەوەی شوێن و ناوەكان و هەندێك وشەمان كەمتر دەبێتەوە، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا مەترسیدارە وەك:

*ئەگەر لە بەجێگەیاندنی ئەركە گرنگەكان تووشی كێشە بیت، وەك چێشتلێنان و بەكارخستنی جلشۆر، ئەوكات دەبێت نیگەران بیت و سەردانی پزیشك بكەیت.

*ئەگەر پابەندی و وادەكانت فەرامۆش كرد و بەسەر چوون، وەك چالاكییەكانی رۆژانە دەیكەیت، پێویستە نیگەران بیت، ئەگەر جارێك یان دووان بێت ئاساییە و رەنگە بەهۆی سترێس و راراییەوە بێت، بەڵام لەوە زیاتر پێویست بە سەردانی پزیشك دەكات.

*گۆڕانكاری لە كەسایەتی و میزاج، ئەگەر لەبیرچوونەكە بەهۆی گۆڕانكاری لە میزاج و كەسایەتی بێت، وەك هەڵچوون و دەمارگیری و خەمۆكی و رارای و بێباكی، ئەگەر هەیە ئەو كەسە تووشی خەڵەفان وەك ئەلزەهایمەر بووبێت.  

*لەبیركردنی بەردەوامی شوێنی دانانی شتەكان، واتە شوێنی سویج و كۆنترۆڵ و چاویلكە و هیتریش، ئەوە مایەی نیگەرانییە، بەتایبەتی ئەگەر بە رێكوپێكی رووی دا و دووبارە بووەوە، رەنگە نیشانەی خەڵەفان و ئەلزەهایمەر بێت.  

*دووبارەكردنەوەی پرسیارەكان، هەندێك كەس پرسیاری دووبارە دەكەن یان بابەتی دووبارە باس دەكەن، رەنگە هەندێك وا راهاتبن و بەشێك بێت لە كەسایەتیی ئەوان، بەڵام بەردەوامیی حاڵەتەكە مایەی نیگەرانییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل