گورچیلەكان ئەندامی گرنگی لەشی مرۆڤن و ئەوكاتە هەست بە گرنگییەكەیان دەكرێ كە تووشی كێشە دەبنەوە، فەرمانی پاككردنەوەی خوێن و كردنەدەرەوەی هەندێك مادەی زیانبەخش و پاراستنی هاوسەنگیی ئاویان لە لەش هەیە، چەند
خووێكی مرۆڤ هەن زیان بە گورچیلەكان دەگەیەنن لەوانە:
*زۆرخواردنی خوێ، خوێ بۆ مرۆڤ پێویستە، بەڵام بە رێژەیەكی دیاریكراو، زۆرخواردنی خوێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ماندووبوونی گورچیلەكان.
*نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو، ئاو یارمەتیی گورچیلەكان دەدات بۆ كردنەدەرەوەی ژەهر و پاشەڕۆكان لە لەش، ئەگەر مرۆڤ بڕی پێویستی ئاو نەخواتەوە، ئەو مادانە لە لەش كۆدەبنەوە و هەوكردن و بەردی گورچیلە دروست دەكەن.
*زۆر وەرگرتنی ئازارشكێن، وەك پاراسیتامۆل و ئیپۆپرۆفین بۆ شكاندنی ئازاری لەش و سەرئێشە، زۆر وەرگرتنی ئەوانە زیان بە گورچیلەكان دەگەیەنێت، هەروەها دەبنە هۆی كەم گەیشتنی خوێن بۆ گورچیلەكان و تێكچوونیان.
*زۆر خواردنی پرۆتین، پرۆتین خواردنێكی گرنگی مرۆڤە، بەتایبەتی گۆشت و پقلەمەنییەكان، بەڵام زۆر خواردنیان گورچیلە ماندوو ەكەن، كاتێك پرۆتین لە لەش هەرس دەكرێت، پاشماوە دروست دەكات و پێویستە گورچیلە بیانكاتە دەرەوە، بۆیە ماندووكردنی گورچیلەكان لەو رێگەوە زیانیان پێ دەگەیەنێت.
*خواردنی خۆراكی دروستكراو و فاست فوود، وەك چبس و پیتزا و هەمبەرگەر و لەقوتوونراو و گۆشتی دروستكراو، كە خوێ و شەكر و چەورییەكی زۆر و ناتەندروستیان تیادایە، ئەوانە پەستانی خوێن بەرز دەكەنەوە و مرۆڤ تووشی قەڵەوی و شەكرە دەكەن و ئەوانەش بۆ گورچیلە خراپن.
*جگەرەكێشان، دەبێتە هۆی كەمگەیشتنی خوێن بۆ گورچیلەكان و شانەكانی لەناو دەبات و شەكەتی دەكات، بۆیە جگەرەكێشان تێكچوونی گورچیلە خێرا دەكات و تووشبوونی بە نەخۆشییەكان زیاتر دەكات.
*كەمخەوی و رارایی، خەو بۆ گورچیلەكان پێویستە بۆ بەجێگەیاندنی فەرمانەكانی و چاككردنەوەی خۆی، بۆیە خراپی و كەمیی خەو كێشەی بۆ دروست دەكەن، راراییش پەستانی خوێن بەرز دەكاتەوە كە زیانی راستەوخۆ بە گورچیلەكان دەگەیەنێت.