وەستان لە جووڵە مەترسییەكەی لە جگەرەكێشان كەمتر نییە

:: AM:10:48:12/05/2025 ‌
گومان لەوەدا نییە كە وەرزش گرنگییەكی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە، بۆ ئەوەیش زۆری لەبارەوە گوتراوە، بەڵام پسپۆرێكی بواری دڵ لە توێژینەوەیەكی نوێدا دووپات دەكاتەوە كە وەستان لە جووڵە و راهێنانی وەرزشی، مەترسییەكەی لە جگەرەكێشان كەمتر نییە.

پێگەی "عەرەبیە" بایەخی بەو هەواڵە داوە كە ستیڤن ولیامز پسپۆڕی بواری دڵ لە سەنتەری لانگونی پزیشكی لە زانكۆی نیویۆرك، قسەی بۆ رۆژنامەی "نیویۆرك پۆست" كردووە. ئەو پزیشكە لە توێژینەوەكەیدا ئاماژەی بە راهێنانی وەرزی داوە كە تا چەند سوودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، بەپێچەوانەوە وەستان لە جووڵە و دووركەوتنەوە لە وەرزش، مەترسییەكەی لە جگەرەكێشان كەمتر نییە.

ئەو پزیشكە زیاتر گوتی، كەمیی جووڵە بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر مەترسیدارە، تەنیا وەستان بەپێوە و هەندێك جووڵەی ئاسایی، پێی ناگوترێ راهێنانی وەرزشی و بە وەرزش بەراورد ناكرێت. بەڵكو راهێنانی جەستەیی پێویستیی بە جووڵەی جەستە بەشێوەیەكی گشتی هەیە، واتە جووڵەی تەواوی جەستە. بۆیە دووپاتی دەكاتەوە كە وەستان لە جووڵە، مەترسییەكەی لە جگەرەكێشان كەمتر نییە كە كاریگەرییە نەرێنییەكەی راستەوخۆ لەسەر دڵ و سییەكان دەردەكەوێت. 

هەروەها دەڵێت، وەرزشی رۆژانە كاریگەریی لەسەر كێش هەیە و رێگە نادات پاڵەپەستۆی خوێن بەرز ببێتەوە، هاوكات سوودی زۆری بۆ دڵ و ئێسك و ماسولكەكان هەیە. دوای هەموو ئەوانە وەرزش سوودی بۆ كەمبوونەوەی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ هەیە. بۆیە كاریگەریی نەرێنیی جەستەی خەواڵوو، لە جگەرەكێشان جیا ناكرێتەوە.

لەلایەكی تریشەوە بن گرینڤیڵد پسپۆری بواری رێكوپێكی جەستە، بۆ رۆژنامەی ئەمەریكییەكە باس لەوە دەكات كە ئەوانەی كاریان لەسەر كورسی و مێزە بۆ ماوەی 60 تا 90 خولەك لەسەر مێز بمێننەوە و جووڵە نەكەن، كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستییان دەكات، بۆیە زۆر گرنگە لە ماوەی نیو سەعاتدا كەسەكە مێز جێبێڵێت و بۆ ماوەی پێنج خولەك راهێنان بە جەستەی بكات، ئەوەیش وا دەكات لێدانی دڵی باشتر بێت.

بۆیە بەپێی زانیارییەكانی پسپۆرانی بواری دڵ و هاوكات بواری رێكوپێكیی جەستە، زۆر وەستان لەسەر پێ و جووڵەی ئاسایی لەناو ماڵ یان شوێنی كاركردن، جێگەی راهێنانی وەرزشی ناگرێتەوە، لەبەرئەوەی راهێنانی وەرزشی پێویستیی بە جووڵەی تەواوی جەستە هەیە كە تەندروستیی مرۆڤ پێویستیی پێیەتی.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د