ئەوانەی شەكرەیان هەیە ماسی بخۆن

:: PM:09:52:14/05/2025 ‌

نەخۆشی شەكرە بە هەموو جۆرەكانی لە بڵاوترین نەخۆشییە درێژخاینەكانە لە دنیا، بەتایبەتی جۆری دووەمی كە بە هۆی بەرگری بۆ ئەنسۆلین یان لاوازی و كەمدەردانی لە لایەن پەنكریاسەوە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێن و كاریگەریی خراپ لەسەر تەندروستی دروست دەكات، شارەزایانی تەندروستی رێنوێنیی خواردنی ماسی و چەند خۆراكێكی تر بۆ كۆنترۆڵكردنی دەدەن.

شارەزایانی تەندروستی جیا لە دەرمان، پێیان وایە سیستمی خۆراكی گونجاو و شێوازی ژیان و ئیدارەدانی خەو و سترێس، هەموو ئەوانە دەبنە كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكە و رێگرتن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی، كۆمەڵەی نەخۆشانی شەكرە لە بەریتانیا رێنوێنی دەدات بە خواردنی سەرچاوەكانی پرۆتین وەك فاسۆلیا و چەرەزات و هێلكە و ماسی، جیا لە دووركەوتنەوە یان كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و دروستكراو.

لەو خۆراكانەی رێنوێنی دەدرێت بە خواردنی بۆ جارێك و دووجار لە هەفتەیەكدا، ماسییە چەورەكانە وەك سەلەمۆن و ماكرێل و سەردین، ئەوەش بەهۆی دەوڵەمەندییان بە ئۆمێگا3ی چەوری كە بۆ تەندروستیی دڵ باشە و سووڕی خوێن چالاك دەكات و مەترسیی جەڵتەی خوێن و بەرزیی پەستانی خوێن كەم دەكەنەوە.  

دامەزراوەی دڵی بەریتانیش پێشنیاز دەكات بە خواردنی ئەو جۆرە ماسیانە بە شێوەی فرێش یان بە بەستوویی یان بە شێوەی لەقووتوونراو، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە چەند جۆرێكی وەك سوێركراو یان ئەوانەی خراونەتە ناو شلەی سوێر كە سۆدیۆمی زۆر تیادایە، جیا لە خواردنی سەوزە و میوەی دەوڵەمەند بە ریشاڵ و كانزاكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل