جۆری پێنجەمی نەخۆشی شەكرە چییە؟

:: PM:08:52:18/05/2025 ‌

نەخۆشی شەكرە بە هەموو جۆرەكانییەوە، نەخۆشییەكی درێژخایەنە و خەڵكێكی زۆر لە دنیا بە دەستییەوە دەناڵێنن و كاریگەریی مەترسیدار لەسەر تووشبوو دروست دەكات، هۆكارەكەی لاوازیی دەردانی ئەنسۆلین یان بەرگریی خانەكانی لەشە بۆ ئەنسۆلین، كە هۆرمۆنێكە گلوكۆز لە خوێن شی دەكاتەوە، بەم دواییە جۆرێكی تری نەخۆشیی شەكرە پۆلێن كرا بە ناوی جۆری پێنجەمی شەكرە.

چەند جۆرێك نەخۆشیی شەكرە هەیە، لەوانە جۆری یەكەم كە بەهۆی هێرشی بە هەڵەی سیستمی بەرگریی لەش بۆ سەر خانەكانی پەنكریاس دروست دەبێت، پێوەندی بە خۆراك و شێوازی ژیانەوە نییە و دەكرێ لە هەر تەمەنێك تووشی مرۆڤ بێت، رەنگە بۆماوە و پەتای ڤایرۆسی یارمەتی دروستبوونی بدەن.

جۆری دووەمی شەكرە كە بڵاوترینیانە، بەهۆی قەڵەوی، واتە خۆراك و شێوازی ژیان و ئامادەیی بۆماوەیی دروست دەبێت، جۆرێكی تری شەكرەی دووگیانییە، لە قۆناغی دووگیانی دروست دەبێت، بەتایبەتی لە هەفتەی 24 بۆ 28، ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاریی هۆرمۆنییەوە و دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی هەستیاریی لەش بۆ ئەنسۆلین.

چەند شێوەیەكی تری شەكرە كە بەهۆی بۆماوە یان نەشتەرگەری یان دەرمان دروست دەبن، لەوانە، شەكرەی كۆرپەلەیی و شەكرەی گەنجان و بەهۆی تێكچوونی پەنكریاس و هیتریش، هەرچی جۆری پێنجەمی شەكرەیە، پێوەندیی بە بەدخۆراكی لە قۆناغێكی زووی ژیانەوە هەیە، بەتایبەتی لە وڵاتە هەژارەكان و 25 ملیۆن تووشبوو لە دنیا هەن، ئەوان كێشیان كەمە و لەشیان ئەنسۆلینی كەم بەرهەم دێنێت، ئەوەش بەهۆی كەمی و خراپیی خۆراكەوە.  

بەگشتی ئەو جۆرەیان بەهۆی سیستمی خراپ و كەم پرۆتینی خۆراك، بەتایبەتی لە كاتی دووگیانی و مێردمنداڵی دروست دەبێت و دەبێتە هۆی لاوازیی گەشەی پەنكریاس كە ئەنسۆلین دەردەدات، بەوەش قەبارەی پەنكریاس بچووك دەبێت و دەردانی ئەنسۆلین كەم دەبێتەوە، لە نیشانەكانی، تێنوێتی زۆر و میزكردنێكی زۆری شەوانە و ماندووبوون و لەدەستدانی كێش و لاوازیی ماسولكەكان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل