بەفرگر بۆ پارێزگاری لە خۆراك بۆ ماوەیەكی درێژ زۆر پێویستە، بەڵام دەبێ ئەوەیش بزانرێ هەموو خۆراكێك هی ئەوە نییە لە بەفرگر دابنرێ بۆ ماوەیەك. هەندێك زیانی تەندروستییان نابێت، بەڵام بەفرگر چێژ و پرۆتین و ڤیتامینەكانیان لەناو دەبات، بۆیە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی زانیاریی لە پسپۆرێكی بواری خۆراك وەرگرتووە و ئاماژە بەو جۆرە خۆراكانە دەكات كە نابێ بكرێنە بەفرگرەوە.
ئەحمەد فاوی پسپۆری بواری خۆراك، نووسینێكی لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "ئەهرام" بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا رۆشنایی خستووەتە سەر ئەو خۆراكانەی نابێ بكرێنە ناو بەفرگرەوە، چونكە هەندێكیان بە مانەوەیان لە بەفرگر وێڕای ئەوەی زیانی تەندروستییان نابێت، بەڵام چێژ و پرۆتین و ڤیتامینەكانیان لە دەست دەدەن، هەندێكی تریشیان زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنن. لێرەدا ئاماژە بەو خۆراكانە دراوە كە نابێ بكرێنە بەفرگرەوە.
ئاماژە بە هێلكە بە خاوی و كوڵاویش دراوە كە نابێ لە بەفرگر دابنرێت، چونكە بۆ تەندروستی سەلامەت نابێت، جیالەوەی لە بەفرگردا سوودی پێكهاتەكانی لەناو دەچێت.
هەروەها بەرهەمە شیرەمەنییەكان بەهەمانشێوە نابێ بكرێنە بەفرگرەوە، نموونەیان شیر و كەرە و پەنیر بەهۆی بەفرگرەوە تەواوی سوودەكانیان لە دەست دەدەن و تەنانەت چێژە سروشتییەكانیشیان لە دەست دەدەن. بۆیە شیرەمەنییەكان باشترە لە ساردكەرەوە بپارێزرێن نەك لە بەفرگر.
باس لەوەش كراوە كە خۆراكە سووركراوەكان بەهەموو جۆرەكانیانەوە وەك گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور و خۆراكەكانی تر، كاتێك سوور دەكرێنەوە و دواتر لە بەفرگر هەڵدەگیرێن، ئاو هەڵدەمژن و تەواوی پێكهاتە بە سوودەكانیان و چێژیش لە دەست دەدەن. پێویستە خۆراكە سووركراوەكان لە كاتی خۆیاندا بخورێن، نەك لە بەفرگر، تەنانەت نابێ بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو ساردكەرەوەیشدا بمێننەوە.
ئەو پسپۆرە باس لە سەوزەواتەكانیش دەكات كە نابێ بكرێنە ناو بەفرگرەوە، نموونەیان بە كاهوو و كەرەوز و خەیار دێنێتەوە كە خۆیان ئاوی زۆر هەڵدەگرن و لە بەفرگریشدا ئاوی زیاتر لەخۆ دەگرن و دەبنە هۆی لەناوچوونی ریشاڵەكانیان، تەنانەت میوەكانیش وەك كاڵەك و ترێ و میوە ترشەكان، لەبری ئەوەی بتانەوێ لە بەفرگر بیانپارێزن كە تەواوی ڤیتامینەكانیان لە دەست دەچێت، دەتوانن بیانكەنە مرەبا و سوودی زیاتری لێ دەبینن.
دواتریش باس لە مەعكەڕۆنە دەكرێ كە كاتێك دێتە كوڵان، دواتر نابێ بۆ هەڵگرتنی بكرێتە ناو بەفرگر، چونكە ئەویش بەهەمانشێوە تەواوی سوودەكانی لە دەست دەدات، جیالەوەی چێژەكەی نامێنێت. هەروەها باس لە پیاز و بیبەریش دەكرێ كە لەناو بەفرگردا تێكدەچن و تامیشیان تاڵ دەبێت، بۆیە بۆ خواردن بەكار نایەن و زیانی تەندروستی دەگەیەنن.