نوستن بۆ زیاتر لە 10 سەعات مەترسیدارە

:: PM:09:06:19/05/2025 ‌

نوستن قۆناغێكی زۆر پێویستی ژیانی مرۆڤە و پێویستە هەر كەسێك رۆژانە لە نێوان حەوت بۆ هەشت سەعات بخەوێت، هاوكات هەر كێشەیەك لە نوستن بە نەرێنی كار لە تەندروستی و میزاجی كەسەكە دەكات، پزیشكێك ئاماژە دەكات، نوستن بۆ زیاتر لە 10 سەعاتی رۆژانە رەنگە مرۆڤ تووشی نەخۆشی مەترسیدار بكات.

د. ڤلادیمێر مارتینۆڤ پزیشكی رووسی وریایی لە نوستنی مرۆڤ بۆ زیاتر لە 10 سەعاتی رۆژانە دەدات، بەوەی تووشی نەخۆشی مەترسیداری دەكات، ئەو دەڵێت، كەسانێك وا دەزانن چەند زیاتر بخەویت ئاساییە و شتێكی باشە، بەڵام نوستن بۆ زیاتر لە 10 سەعاتی رۆژانە رەنگە نیشانەی بوونی چەند نەخۆشییەك بێت.

روونی كردەوە، لەو نەخۆشیانە كێشەی رژێنی دەرەقی و خەمۆكی و پچڕانی هەناسەدان لە كاتی خەودا، جیا لەوە زیادەڕۆیی لە نوستن مەترسیی تووشبوون بە سەكتەی مێشك نەخۆشیی شەكرە و زوو مردن زیاتر دەكات، دووپاتی كردەوە، لەشی مرۆڤ خۆی مرۆڤەكە لە پێویستی بە نوستن ئاگەدار دەكاتەوە، بۆیە ئەگەر كەسێك 10 بۆ 12 سەعات دەنوێت و هەست بە چالاكی ناكات، پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات.  

لە لایەكی تر د. ئەلكسەندەر كلینین سەرۆكی سەنتەری پزیشكیی نوستن لە كلینیكی زانكۆی مۆسكۆی حكوومەتی گوتی، دیاریكردنی چەند سەعاتێكی دیاریكراوی رۆژانە بۆ نوستن كارێكی هەڵەیە، چونكە تێكڕای كاتی پێویست بۆ نوستن لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازە، ئەو كاتەشی كە لەشی مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ نوستنی رۆژانە لە نێوان حەوت بۆ نۆ سەعاتە و كەمترین ماوە شەش سەعات و زیاترینیش 10 سەعاتە. 

ئەو پزیشكە پێی وایە ئەو كەسانەی لە نێوان 10 بۆ 12 سەعاتی رۆژانە دەخەون، زۆرجار بە دەست هەندێك نەخۆشییەوە دەناڵێنن، وەك پچڕانی هەناسەدان لە كاتی خەو، كاتێك لەشیان ئۆكسجینی پێویستی پێ ناگات و لە حاڵەتێكی ماندووبوونی بەردەوام دەمێننەوە، بۆیە ئەو كەسە هەست بە پێویستیی بەردەوام بۆ خەو دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل