لە توێژینەوەیەكدا دەركەوتووە، ئەو پێكهاتەیەی لەناو خواردنەوە وزەبەخشەكاندایە، دەبێتە هۆكارێك بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن.
بەپێی هەواڵێك كە لە گۆڤاری نەیچەر بڵاو كراوەتەوە، توێژینەوەی تیمێكی پەیمانگەی شێرپەنجەی ویلمۆت لە زانكۆی رۆچێستەر دەریخستووە، پێكهاتەیەكی باوی خواردنەوە وزەبەخشەكان، رەنگە ببێتە هۆی خۆراك بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە.
توێژینەوەكە دەڵێت: وزەبەخشەكان پێكهاتەی تاورینیان تێدایە كە ترشێكی ئەمینییە و بەشێوەیەكی سروشتی لە جەستەدا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەشێوەیەكی بەرفراوان لە خواردنەوە وزەبەخشەكان و تەواوكەرە خۆراكییەكان ئەو پێكهاتەیە زیاد دەبێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تاورین مادەیەكە ئێستە لێكۆڵینەوەی زانستیی وردی لەسەرە، بۆ تێگەیشتن لە رۆڵی لە پرۆسەی بایۆلۆجی لەناو جەستەدا، بەتایبەتی لە نەخۆشانی شێرپەنجەی خوێن.
لەو لێكۆڵینەوەیەی كراوە ئەوەش دەركەوتووە، پێكهاتەی تاورین بەشێوەیەكی باو لە خواردنەوە وزەبەخشەكان هەیە، ئەمە رەنگە گەشە بە خانەكانی شێرپەنجەی خوێن بدات.