لێڵیی میز چییە و چۆن چارەسەر دەكرێت؟

:: PM:03:06:31/05/2025 ‌
زۆرجار هاووڵاتییان بەتایبەتی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، باس لە لێڵیی میز یان رەنگی زەردباو دەكەن و وا دەزانرێ هۆكارەكەی زۆریی پرۆتینە، یان زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی. بەڵام پزیشكێكی پسپۆر لە بواری گورچیلە و میزەڕۆ دەڵێت، ئەگەر هۆكارەكەی هەرچی بێت چارەسەر دەكرێ و پێویست بە ترس ناكات.

بەشی تەندروستی و زانستی پێگەی "شەرق ئەوسەت"، لە پێگەی ئەلیكترۆنیی "ڤێری وێڵ هێڵس"ی وەرگرتووە كە جینگین یان پسپۆری نەخۆشییەكانی گورچیلە و میزەڕۆ لە ئەكادیمیای ئەمەریكی بۆ نەخۆشییەكانی گورچیلە قسەی بۆ كردووە، ئاماژەی داوە كە خەڵكێكی زۆر پێیان وایە خۆراكی دەوڵەمەند بە پرۆتین، هۆكارە كە پرۆتین لە میزدا دروست بكات، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەك راست نییە، چونكە لێڵیی میز و بوونی پرۆتین لە میزدا، دوو چمكی جیاوازن. 

ئاماژەی داوە كە بە زۆریی لێڵیی میز یان رەنگی زەردباو، پێوەستە بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشییەكانی گورچیلە، زۆرجار شەكرە یان بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن ئەو حاڵەتە دروست دەكەن، هەندێك جاریش لێڵیی میز نیشانەیە بۆ نەخۆشیی گۆرچیلە نەك هۆی نەخۆشییەكە بێت.

لەبارەی بوونی دەركەوتنی پرۆتین لە میز گوتی، رەنگە هۆكارەكەی راهێنانی وەرزشیی زۆر بێت، یان وشكبوونەوە و هەوكردن یان تا، تەنانەت دووگیانیش ئەگەریكی زۆرە ئەو حاڵەتە دروست بكات، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر حاڵەتەكە بەردەوامیی هەبێت، پێوەندیی بە گورچیلەوە دەبێت.

ماری گارتویت لە كۆلیژی شاهانەی نەشتەركاران لە بەریتانیا لەبارەی لێڵیی میزەوە گوتی، ئەگەر جارجارە لێڵیی لە میزدا دەربكەوێت ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەردەوامیی هەبێت، دەبێ پشكنینی بۆ بكرێت تا هۆكارەكەی بزانرێت، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆر پێوەندیی بە سیستمی خۆراكەوە هەیە. بەڵام بەردەوامبوونی حاڵەتەكە و ئەگەر ئازاری لەگەڵ بوو یان بۆنی میزەكە زۆر ناخۆش بوو، یان كەسەكە بەردەوام میزی كرد یاخۆ پێیەكانی بئاوسێن، ئەوكات پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆر بۆ چارەسەركردنی بكرێت.

بەڵام دواتریش پسپۆرانی بواری میزەڕۆ و نەخۆشییەكانی گورچیلە، كۆكن لەوەی لێڵیی میز، نەخۆشییەكی مەترسیدار نییە و چارەسەركردنیشی ئەستەم نییە، بۆیە دڵەڕاوكێ و ترسی ناوێت.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د