جووڵانەوە و چالاكی و وەرزش لە ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگن، مرۆڤی بە جووڵە و چالاكی هەمیشە تەندروستی باشترە، شارەزایان ئاماژە دەكەن دانیشتن و خامۆشیی مرۆڤ بۆ زیاتر لە هەشت سەعاتی رۆژانە، واتە بێ جووڵانەوە یان ئەنجامدانی چالاكیی جەستەیی و وەرزشكردن، مەترسیی نەخۆشكەوتن و مردن زیاتر دەكات، بەڵام چۆن؟
د. ئەبیهجێت بۆرسی پسپۆڕی نەحۆشییەكانی دڵ دەڵێت، ئەو كەسانەی ماوەیەكی دوورودرێژ دادەنیشتن، مەترسی و تێكڕای تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن و شێرپەنجە زیاترە، بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانیش 1.8 ملیار كەس لە دنیا جووڵانەوە و وەرزشی پێویست ئەنجام نادەن، بەوەش ئەگەری تووشبوونیان بە دڵەنۆرە و سەكتەی مێشك و نەخۆشیی شەكرە و جۆرەكانی شێرپەنجە هەیە.
شارەزایان دەڵێن، ئەوكاتەی مرۆڤ دادەنیشێت، ماسولكەكانی لە كاركردن دەوەستن، ئەوەش دەبێتە هۆی سستبوونی میتابۆلیسم لە نیو سەعاتی یەكەم بە رێژەی 90%، كەمبوونەوەی چالاكیی ماسولكەكان دەبێتە هۆی لاوازیی رێكخستنی گلوكۆز و بەرزبوونی رێژەی شەكری خوێن و رێژەی چەورییە ناتەندروستەكان كە بە خێرایی لە ناو خوێنبەرەكان دەنیشن.
زۆردانیشتن دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ هاتوچۆی خوێن، ئەوەش دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی ترەشە چەورییەكان و چەوری لەسەر دیواری ناوەوەی لوولەكانی خوێن، بۆیە بە تێپەڕبوونی كات مرۆڤ تووشی رەقبوونی خوێنبەرەكان دەبێت، ئەوەش تووشی تەسكبوونەوەی خوێنبەری تاجی و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە دڵە نۆرەی دەكەن، كاتێك دەركەوتووە كەمجووڵانەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن بە رێژەی 34%.