بەخواردنی رۆژانەی نۆك ئاستی كۆلیسترۆل لە خوێنت كەم بكەرەوە

:: AM:10:43:05/06/2025 ‌
لە ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێدا ئاشكرا كراوە كە "نۆك" وەك خۆراكێك و ئەگەر رۆژانە بە رێژەیەكی مامناوەندی بخورێت، رۆڵی رژدی دەبێت بۆ دابەزاندنی كۆلسیترۆلی خراپ لە خوێندا، بۆیە گرنگە لە خواردنی كەمتەرخەمی نەكەن.

رۆژنامەی "ئیندبندنت"ی بەریتانی توێژینەوەكەی بلاو كردووەتەوە و پێگەی پێگەی "شەرق ئەوسەت" لەوی وەرگرتووە، ئاماژەی داوە كە لەو توێژینەوەیە 72 كەس بەشدارییان پێ كراوە كە لە سەرەتاكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەن، ئەوانیش دابەش كراون بە سێ بەش. بۆ ماوەی 12 هەفتە بەشی یەكەمیان یەك كووپ نۆكیان خواردووە، بەشی دووەم كووپێك فاسۆڵیای رەش و بەشی سێیەمیشیان یەك كووپ برنجیان خواردووە، دواتر پشكنین بۆ ئاستی كۆلسیترۆل و هەوكردن و شەكر لە خوێندا كراوە.

باس لەوە كراوە كە لە دوای پشكنینەكان، دەركەوتووە ئەوانەی نۆكیان خواردووە، رێژەی كۆلیسترۆل لە خوێنیان دابەزیوە، ئەوانەی فاسۆڵیای رەشیان خواردووە، ئاستی سیتۆكین لە خوێنیاندا مامناوەند بووە كە هۆكارە بۆ هەوكردن. بەڵام ئەو بەشەی برنجیان خواردووە، كۆلیسترۆل و ئاستی هەوكردنیش تێیاندا وەك خۆی بەرز بووە و دانەبەزیوە.

دواتریش توێژینەوەكە بەوە گەیشتووە كە خواردنی نۆك، بەشێوەیەكی بەرچاو رۆڵی گرنگی هەیە بۆ دابەزینی ئاستی كۆلیسترۆلی خراپ لە خوێندا، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشیی شەكرە بوون، لە كاتێكدا ئاستی گلۆكوز تێیاندا گۆڕانكاریی بەسەر نەهاتووە.

پسپۆرانی بواری خۆراك لەبارەی سوودەكانی نۆك دەڵێن، بەرگریی جەستە بەهێزتر دەكات، پارێزگاری لە جگەر دەكات و ماسولكەكانیش بەهێزتر دەكات. هەروەها سوودی زۆری بۆ مێشك هەیە و لەگەڵیدا پارێزگاری لە تەندروستیی چاو دەكات. هەروەها رۆڵی بەرچاوی هەیە لە دابەزاندنی كێش. دواتریش كە لە هەموو گرنگترە، ئاستی كۆلیسترۆلی خراپ لە خوێندا دادەبەزێنێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د