چارەسەرێكی نوێی هەڵوەرینی قژ و كەچەڵی بەڕێگەوەیە

:: PM:07:23:05/06/2025 ‌

رەنگە تا ئێستە ئەو چارەسەرییانەی هەڵوەرینی قژ و كەچەڵی كە بەردەستن لایەنی نەرێنیی ئەوتۆیان هەبێت كە خەڵك بە ناچاری نەبێت پەنایان بۆ نەبات، بە گشتی دەرمانەكانی بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنرێن رەنگە وەك پێویست سەركەوتوو نەبووبن یان نەشتەرگەریی چاندنەوەی قژ بە ئازار و تێچووی دارایی زۆر بێت، لە ئەمەریكا زانایان بەدوای چارەسەرێكی نوێی كەچەڵین.

توێژەران لە زانكۆی كالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس ئەنجامی توێژینەوەیەكی خۆیان ئاشكرا كرد كە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام بووە، ئەوان پێشكەوتنێكی بەرچاویان بەدەست هێناوە، كاتێك لە دوای زنجیرەیەك تاقیكردنەوە، زانایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی تەنۆڵكەیەك بە ناو (PP405)، كە بۆ هاندانی گەشەی چیكڵدانۆچكەی موو بەرهەم هێنراوە، دەركەوت توانای گەشەپێكردنی قژی بێ هیچ كێشەیەك هەیە و زیان بە پێستی سەر ناگەیەنێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "ئەی ئۆ ئێڵ"، زانایان لە 2023 لە كالیفۆڕنیا تاقیكردنەوەیەكی كلینیكیان ئەنجام دا و تێبینی ئەوەیان كرد كە ئەو مادە بەرهەمهاتووە سەركەوتنی بەرچاوی هەبووە، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە گرووپێك لە زانكۆی كالیفۆرنیا كۆمپانیایەكی تایبەتیان بۆ پەرەپێدانی ئەو چارەسەرییە و بە بازاڕگەیاندنی دروست كردووە.

بەپێی راپۆرتەكە كەسانێكی زۆر لە دنیا بە هۆكاری جیاواز، لەوانە پیری یان بۆماوەیی یان رارایی و نەخۆشی و شێوانی هۆرمۆنی تووشی هەڵوەرینی قژ و كەچەڵی دەبنەوە، ئێستە لە ئەمەریكا دوو دەرمان بۆ كەچەڵی بەردەستە، هاوكات شوێنگرەوەی دەرمانیش هەیە وەك تەواوكاریی خۆراك و چارەسەری بە لێزەر و چاندنی قژ، كە رەنگە نرخی گران بێت یان هەندێكیان وەك پێویست سەركەوتوو نەبن، كەچی لە حاڵەتی ئەو چارەسەرییە نوێیە، رەنگە شۆڕشێك لە بواری روانەوەی قژ و چارەسەركردنی كەچەڵی دروست بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل