كاریگەریی كەمیی مەگنسیۆم لە جەستە چییە و تا چەند پێویستیمان پێی دەبێت؟

:: AM:09:56:12/06/2025 ‌
مەگنسیۆم بۆ چەندان نەخۆشی چارەسەرێكی سروشتییە. دەمێنێتەوە كەمیی ئەو مادەیە لە جەستەی مرۆڤ، تا چەند كاریگەریی نەرێنیی دەبێت و تا چەندیش پێویستیمان پێ دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، راپۆرتێك لە تۆڕی "ڤۆكس نیوز" بڵاو كراوەتەوە و بە وردی سوودەكانی مەگنسیۆم دەخاتە روو كە بۆ چارەسەری چەندان نەخۆشی گرنگە.

پێگەی ئەلیكترۆنیی "شەرق ئەوسەت" كە ئاماژەی بە راپۆرتەكەی "ڤۆكس نیوز" داوە و تایبەت لەبارەی سوودی مەگنسیۆم زانیارییەكانی بڵاو كردووەتەوە، رۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەی كە مەگنسیۆم لە جەستەدا سوودی زۆری بۆ مێشك و وزە و  ماسولكە هەیە و هاوكات هاوسەنگی ئاستی پاڵەپەستۆی خوێن دەپارێزێت.

چەندان پسپۆری تەندروستی كە قسەیان بۆ تۆڕەكە كردووە، دەڵێن بوونی مەگنسیۆم لە جەستەی مرۆڤ، وا دەكات مەترسیی تووشبوون بە چەندان نەخۆشیی مەترسیدار كەمتر ببێتەوە، جیالەوەی خەو باشتر دەكات و دڵەڕاوكێ كەمتر دەكاتەوە، هەروەها رێگە نادات ماسولكەكان گرژ ببن و سوودی زۆری بۆ ماسولكە و ئێسك هەیە.

هیزەر ڤیۆلا كە پزیشكە لە سیستمی ماونت سینای لە نیویۆرك، لەبارەی مەگنسیۆمەوە دەڵێت، پارێزگاری لە ئاستی لێدان دڵ دەكات، هەروەها مەگنسیۆم هاوشانی كالسیۆم و ڤیتامین "دی" رۆڵی زۆری هەیە بۆ بەهێزیی ئێسكەكان. هەروەها بۆ نەهێشتنی قەبزی بەسوودە و لە ئازاری لایەكی سەر "صداع النصفی" دوورتان دەخاتەوە.

پەیمانگەی نیشتمانی بۆ تەندروستی لە ئەمەریكا ئاماژە دەدات كە خەڵكێكی زۆر هەن مەگنسیۆم لە جەستەیاندا كەمە، بۆیە گۆڕانكاری لە رێڕەوی كیمیایی لە جەستە دروست دەكات و ئەوەیش وا دەكات مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەكان زیاتر ببێت، یاخۆ كەسەكان بەردەوام هەست بە نەخۆشی و داهێزرانی جەستە دەكەن. بۆ ئەوەیش پەیمانگەكە دەڵێت 15%ی دانیشتووانی ئەمەریكا، كەمیی مەگنسیۆمیان لە جەستەدا هەیە.

دووپاتی دەكاتەوە كە كەمیی مەگنسیۆم، دەبێتە هۆی تووشبوون بە پاڵەپەستۆی خوێن، نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان، شەكرەی جۆری دووەم، نەخۆشییەكانی ئێسك و تووشبوون بە سەرئێشەی لایەكی سەر.

لەبارەی نیشانەكانیشی دەڵێت، ئارەقكردن، ئازاری ماسولكەكان، قەبزی و هەندێك جار بوورانەوە، ماندوویی و سڕبوون، هەروەها ناهاوسەنگیی لێدانی دڵ.

بۆ ئاستی مەگنسیۆم بۆ پیاوان و ئافرەتان لە جەستەدا باس لەوە دەكرێت، بۆ پیاوان 400 تا 420 ملیگرام و بۆ ئافرەتانیش 310 تا 320 ملیگرام پێویستە.

دواتریش باس لەوە كراوە كە مەگنسیۆم لە رووەكی وەك چەرەزات و فاسۆڵیا دەست دەكەوێت. هەروەها كەرە و پاقلەی سوودانی و مۆز، هەروەها ئەڤۆگادۆ و فاسۆڵیای رەش و سەوزە گەڵادارەكان و دانەوێڵە و شوكوڵاتە بە مەگنسیۆم دەوڵەمەندن.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د