چا یەكێكە لە بڵاوترین خواردنەوەكان لە دنیا، سوودی زۆری هەیە ئەگەر بەشێوەیەكی دروست و لە كاتی گونجاودا بخورێتەوە، هاوكات بەدەر لەوانە زیانی بۆ تەندروستی هەیە، لەوانە مرۆڤ تووشی كەمخوێنی دەكات، هاوكات كار لە ئاستی وزە و توانای تەركیزكردن دەكات.
د. حوسام موافی مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكیی لە میسر دەڵێت، چا خواردنەوەیەكی تەندروستە ئەگەر بە دانایی و بە بڕێكی ئاسایی خورایەوە، بەڵام ئەگەر زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی كرا، یان لە هەندێك كاتی نەگونجاو خورایەوە، دەبێتە مەترسی و زیانی هەیە، لەوانە خواردنەوەی رۆژانەی زیاتر لە پێنج كووپ چا باش نییە و زیانی هەیە، هەروەها خواردنەوەی راستەوخۆ لە دوای ژەمی خواردن، ئەویش هەڵەیە، چونكە دەبێتە رێگر لە هەڵمژینی ئاسن لە خۆراك و بە تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆی ئەنیمیا، واتە كەمخوێنی و كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، كە رەنگە ئەوەش كار لە ئاستی وزە و توانای سەرنجدانی مرۆڤ بكات.
پزیشكان رێنوێنی دەدەن بەوەی رۆژانە مرۆڤ لە نێوان كووپێك بۆ سێ كووپ چای بێ شەكر بخواتەوە، باشترە چایەكە پێش ژەمی خواردن یان دوو سەعات لە دوای ژەمەكان بخورێتەوە، بۆ خۆپاراستن لە زیانەكانی، جیا لەوە چای خەست باش نییە و وا باشترە چای سەوز یان گیاكانی تر بەكار بێت.