ئەو هۆكارانەی مەترسیی لەسەر "جەڵتەی دڵی بێدەنگ" دروست دەكەن

:: AM:11:19:19/06/2025 ‌
زۆر دەگمەنە كە مرۆڤ بەبێ نیشانە یان بێ ئاگاداركردنەوە تووشی جەڵتەی دڵ ببێت، چونكە جەڵتەی دڵ بەرلەوەی تووشی مرۆڤ  بێت، پێشتر هەستی پێ دەكات و نیشانەكانی لەسەر دەردەكەون، كاتێك بەبێ نیشانە و ئاگاداركردنەوە تووشی مرۆڤ بێت، پێی دەگوترێ "جەڵتەی دڵی بێدەنگ".

پێگەی "عەرەبیە" كە زانیارییەكانی لە بەشی تەندروستیی پێگەی "تایمز ئۆف ئیندیا" وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، زۆرن ئەوانەی پێیان وایە نەخۆشییەكانی دڵ پێوەندە بە كۆلیسترۆڵی خراپ، یان جگەرەكێشان و بەسەرچوونی تەمەن، بەڵام مەرج نییە هۆكارەكان تەنیا ئەوانە بن، بۆیە پسپۆرانی تایبەت بە نەخۆشییەكانی دڵ، باس لەو هۆكارانە دەكەن كە دەبنە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵی بێدەنگ كە لێرەدا دەخرێنە بەرچاو.

یەك لە هۆكارەكان هەوكردنی یەك لە ئەندامانی جەستە یان برینداربوونە كە لە ناكاو دروست دەبێت، دواتر دەبێتە هەوكردنی درێژخایەن و پاشان زیان بە دیواری دەمارەكان دەگەیەنێت، ئەگەر زۆرە ئەو جۆرە هەوكردنەش ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

هەروەها بەرگریی ئەنسۆلین سەرچاوەی دڵەڕاوكێی ئەو نەخۆشانەیە كە تووشی شەكرە دەبن، بەرگریی ئەنسۆلین زیان بە دەمارەكان دەگەیەنێت و دواتریش دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵی بێدەنگ بێ ئەوەی كەسی تووشبوو پێشتر هەستی پێ بكات.

هەروەها كەمیی خەوتن هۆكارێكی تری تووشبوون بە جەڵتەی دڵی بێدەنگە، كەمیی خەوتن وا دەكات كەسەكە جەستەی تووشی داهێزران بێت و هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان تێكدەدات، ئەوەیش پاڵەپەستۆی خوێن بەرز دەكاتەوە، ئاكامیش ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

زۆر گرنگە پارێزگاری لە سیستمی خۆراكی بكرێت، ئەگەر هەیە بەهۆی خۆراكی دروستكراو كە كێشە بۆ هەرس دروست دەكەن، ئەوەیش هۆكارێكە وا دەكات زۆر توخمی خۆراكی لە جەستەدا كەم ببێتەوە، دواتریش ئەگەر هەیە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵی بێدەنگ.

دڵەڕاوكی لە شوێنی كار هۆكارێكی ترە و حاڵەتێكی دەروونیی هەمیشەیی دروست دەكات، بەتایبەتی لە ژینگەی كاری ژەهراوی، وا دەكات گۆڕانكاریی بەسەر جەستەدا بێت و دواتریش دڵ ماندوو دەكات.

قەڵەویش هۆكارێكی ترە كە دەبێتە هۆی تووشبوون بە جەڵتەی دڵی بێدەنگ، بەتایبەتی ئەگەر بەهۆی تەمبەڵییەوە هەبێت، ئەوەیش حاڵەتێكی ئاڵۆزە كە ناهاوسەنگیی هۆرمۆن و هەوكردن و ئەنسۆلین و ناهاوسەنگیی خۆراك، سەرجەمیان پێوەندییان بە یەكترەوە هەیە، دواتریش كاریگەرییەكەی لەسەر دڵ دەردەكەوێت و ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ.

دواتریش باس لە بۆماوەیی دەكرێ كە رۆڵێكی زۆر دەبینێ لە تووشبوون بە جەڵتەی دڵی بێدەنگ، ئەویش لە رێگەی تووشبوونی باوك یان دایك یاخۆ خوشك و برا بە نەخۆشییەكانی دڵ، ئەو تووشبوونە لەلایەن پیاوان لە تەمەنی 55 ساڵییەوە دەست پێ دەكات و لەلای ئافرەتانی لە تەمەنی 65 ساڵییە، لەو تەمەنانەدا ئەگەر هەیە مرۆڤ تووشی ببێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د