سەكتەی مێشك یەكێكە لە دیارترین هۆكارەكانی مردن لە دنیا، بەپێی ئامارەكان رێژەی سەكتەی مێشك لە ناو گەنجان زیادی كردووە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی پشێوی و هەژاری و بێكاری تیادا بڵاوە، پزیشكان باسی پێنج نیشانەی زوو یان خێرای سەكتەی مێشك دەكەن دەكرێ لەكاتی زوو چارەسەركردنی ژیانی مرۆڤ رزگار بكات.
سەكتەی مێشك بریتییە لە وەستان یان كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بۆ بەشەكانی مێشك، بەوەش ئۆكسجین و خۆراك بە خانەكانی مێشك ناگات و لەناو دەچن، وەك ماڵپەڕی
"تایمز ئۆف ئیندیا"، باسی دەكات لە نیشانەكانی:
سڕبوون و لاوازبوونی لایەكی لەش، واتە دەموچاو و باسك و قاچەكان، بەتایبەتی لایەكی لەش ئەوەی بەسەر دێت.
زەحمەتیی قسەكردن و تێگەیشتن، واتە ئەو كەسە قسەكردنی نائاسایی دەبێت و توانای تێگەیشتنی وشە ئاساییەكانی كەم دەبێتەوە، بەهۆی كاریگەربوونی ناوچەكانی تایبەت بە قسەكردن لە مێشك.
كێشە و شێوانی بینین، ئەو كەسە توانای بینینی چاوێك یان هەردوو چاوی لەدەست دەدات، یان بینینی لێڵ و ناڕوون دەبێت.
سەرئێشەیەكی توند و كتوپڕ، بەتایبەتی هیڵنج و رشانەوەی لەگەڵدا دەبێت و ئاماژەیە بۆ تەقینی دیواری لوولەی خوێن و خوێنبەربوون لە مێشك.
لەدەستدانی هاوسەنگی و هاوئاهەنگی، ئەو كەسە هەست بە سەرسووڕان و زەحمەتیی رۆیشتن و لەدەستدانی هاوسەنگی دەكات، ئەوەش بەهۆی كاریگەربوونی ناوچەی مێشكۆكە لە پشتەوەی سەر و ناوچەكانی پێوەندیدار بە رێكخستنی جووڵەی مرۆڤ.