زیادبوونی خەستیی خوێن چییە و نیشانەكانی چین؟

:: PM:09:44:26/06/2025 ‌

شارەزایانی تەندروستی دووپات لەوە دەكەنەوە كە خەستبوونی خوێنی مرۆڤ مەترسیدارە و تووشی كێشەی مەترسیداریی تەندروستی دەكەن، دامەزراوەی دڵی ئەڵمانی دەڵێت، خەستیی خوێن واتە زیادبوونی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و زیادبوونی خەستی و لینجی خوێنەكە، پەستانی زیاتر دەخاتە سەر دڵ بۆ پاڵنانی خوێن، بۆیە مەترسی جەڵتە و نۆرەی دڵ و سەكتەی مێشك زیاد دەكات.

دامەزراوەكە روونی كردەوە، رەنگە ئەو حاڵەتە نەخۆشییەكی سەربەخۆ بێت، بەهۆی ئامادەیی بۆماوەیی یان جگەرەكێشانی زۆر دروست ببێت، یان رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ هەندێك نەخۆشی وەك كەمیی ئۆكسجینی خوێن و هەوكردنی كۆئەندامی هەرس و وشكهەڵگەڕان و نەخۆشییەكانی دڵ وەك كێشەی دەمەوانەكان و پەككەوتنی دڵ و نەخۆشییەكانی مۆخی ئێسك و سییەكان و رەبو و شێرپەنجە. 

تۆ دەتوانی بزانی كە خەستی خوێنت هەیە لە رێگەی چەند نیشانەیەكەوە وەك سوورهەڵگەڕانی رووخسار و سەرئێشە و سەرسووڕان و زرنگانەوەی گوێ و بەرزیی پەستانی خوێن و خورانی تەواوی لەش، بۆیە لە كاتی هەستكردن بەو نیشانانە سەردانی پزیشكی شارەزا بكە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل