دەرمانێک لە هەموو ماڵێکدا هەیە؛ دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشییەک کە ڕۆژانە 30 کەس دەکوژێت

:: AM:10:03:27/06/2025 ‌
شارەزایان لە بەریتانیا هۆشداری دەدەن لە زیادەڕۆییكردن لە بەکارهێنانی دەرمانی "پاراسیتامۆڵ"، كە بۆ چارەسەری سەرئێشە و ئازاری ماسولكە بەكاردەهێنرێت و یەكێكە لە باوترین دەرمانەكان لە جیهاندا. هۆشدارییەكە لەوەدایە كە دەكرێت ببێتە هۆی تێكچوونی جگەر ئەو نەخۆشییەی كە ڕۆژانە زیاتر لە 30 كەس دەكوژێت.

لە وتارێكدا كە لە ماڵپەڕی "زە كۆنڤەرسەیشن" بڵاوكراوەتەوە، دكتۆر دیپا كامدار پزیشك و مامۆستای باڵا لە بواری دەرمانسازیدا لە زانكۆی كینگستن، هۆشداریی داوە كە بەكارهێنانی زیاد لە پێویستی پاراسیتامۆڵ، دەكرێت دەرەنجامی "زۆر ترسناكی" بۆ جگەر هەبێت.

دكتۆر کامدار نووسیویەتی خواردنی تەنیا چەند حەبێك زیاتر لە ڕێژەی دیاریكراو، دەكرێت دەرەنجامی زۆر خراپی بۆ تەندروستیی جگەر هەبێت.

بەگوێرەی ڕێكخراوی جگەری بەریتانی (British Liver Trust)، نەخۆشییەكانی جگەر ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 11 هەزار كەس لە بەریتانیا، كە دەكاتە زیاتر لە 31 حاڵەتی مردن لە ڕۆژێكدا. هەروەها ڕێژەی مردن بەهۆی ئەم نەخۆشییانەوە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا چوار هێندە زیادی كردووە.

پزیشكەكە باسی لەوەیش كردووە كە هەرچەندە جگەر توانایەكی سەرسوڕهێنەری خۆڕاگری و تەنانەت نوێبوونەوەی هەیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە تێكناچێت.

"یەكێك لە ئاستەنگەكانی پەیوەست بە نەخۆشییەكانی جگەر ئەوەیە كە زۆرجار لە سەرەتادا بێدەنگن؛ لە قۆناغە سەرەتاییەكانیدا لەوانەیە تەنیا نیشانەی ناڕوون دەربكەون، وەك ماندوێتیی بەردەوام یان دڵتێكەڵهاتن.

بەڵام لەگەڵ زیادبوونی زیانەكاندا، نیشانە ڕوونترەکان دەست بە دەركەوتن دەكەن، وەك زەردوویی  كە ڕەنگی پێست و سپێنەی چاوەكان بۆ زەرد دەگۆڕێت، وەک کامدار ڕوونی كردووەتەوە.

میکانیزمی زیانەکە چۆنە؟

كاتێك پاراسیتامۆڵ دەخورێت، دەگوازرێتەوە و لەناو جگەردا شی دەبێتەوە، ئەمەش مادەیەكی ژەهراوی بە ناوی (NAPQI) بەرهەم دەهێنێت، كە لەلایەن مادەیەكی پارێزەرەوە بە ناوی "گلوتاسیۆن" كاریگەرییەكەی ناهێڵرێت. بەڵام لە حاڵەتی خواردنی ژەمی زیادەدا، ئەم ژەهرانە لە لەشدا كەڵەكە دەبن و توانای جگەر بۆ چارەسەركردنیان لاواز دەكەن.

مامۆستاکەی زانکۆ ڕوونی كردووەتەوە لە كاتی خواردنی ژەمی زیادەدا "وەرگرتنی حەبی زیاتر"، كۆگاكانی گلوتاسیۆن بەتاڵ دەبنەوە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی ماددەی NAPQI كەڵەكە بێت و هێرش بكاتە سەر خانەكانی جگەر.

پزیشكەكە ئامۆژگاری دەكات كە پێویستە پابەندی ئەو ژەمانە بن كە لەلایەن پزیشكەوە دیاریكراون و زیادەڕۆیی تێدا نەكرێت، هەروەها ڕاوێژ بە پزیشك بكرێت ئەگەر هەست بە پێویستیی خواردنی ئازارشكێنی زیاتر كرا.

ئاماژەی بەوەشدا كە خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە شەكر یان چەوریی تێر، جگەرەكێشان و كەم وەرزشكردن، ئەوانیش دەتوانن هەڕەشە لە سەلامەتیی جگەر بكەن.


وشە - پۆڵا مەحموود