کەمئاوی 'کۆلێرا' لە سلێمانی زیندوو دەکاتەوە "تەندروستی هۆشدارییەکی بەپەلە دەدات"

:: PM:03:01:27/06/2025 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، هۆشداری دا لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا، لە سۆنگەی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و کەمبارانیی ئەمساڵدا. دووپاتیشی کردەوە کە ڕێکاریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تەشەنەسەندنێکی ئەگەری گرتووەتەبەر.

ئەمڕۆ هەینی 27ی حوزەیران د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە، چەند هۆکارێک ئەمساڵ نیگەرانیان بۆ دروستکردووین سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا، کە نەخۆشییەکی گوازراوەی خێرا بڵاوبووەوەیە. دیارترینی هۆکارەکانیش کەمئاوی و کەمبارانییە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دابینکردنی ئاوی پاک و سەلامەت لە سەرچاوە تەندروستەکانەوە دەبێت.

هەورامی گوتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی بە هاوکاریی ئیدارەی پارێزگا، هەموو هاوینێک پلانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە پەتاییەکان هەیە، بەڵام پلانی ئەمساڵمان دوو هێندە و نائاسایی دەبێت بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی کۆلێرا،  ناوبراو دووپاتی لە گرنگیی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنوێنییە تەندروستییەکان کردەوە، بەتایبەت خواردنەوەی ئاو لە سەرچاوە سەلامەت و پاککراوەکانەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی فەرمانگەی تەندروستیدان.

ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بە ئەگەری دەرکەوتنی حاڵەت دەکەن لە ڕۆژانی داهاتوودا، ئەگەریش هەیە ئاستی بڵاوبوونەوەکە بەرز بێت ئەگەر کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو نەکرێت.

داوای دەستوەردانی بەپەلە
لەلایەکی ترەوە، د. سەباح هەورامی داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، دەستوەردانی بەپەلە بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بوونەتەوە. دووپاتیشی کردەوە کە هاوئاهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ فەرمانگەکەدا هەیە بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی ئاوی تەندروست بە هاووڵاتیان و ڕێگری کردن لە پەنابردنیان بۆ سەرچاوەی نادڵنیا.

ڕوونیشی کردەوە کە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی کەرتی ئاو بوونەتەوە بریتین لە کێشەکانی پاڵاوتنی ئاو، کەمیی کەرەستە و ئامێری تایبەت بە پاڵاوتن، سەختیی گواستنەوەی ئاو بۆ ماڵان و ناوچە چڕەکان، لەگەڵ پێویستیی هەندێک پڕۆژە بە وزە و میکانیزمی کاریگەر.

بەڕێوەبەری گشتی دووپاتی کردەوە، تەندروستیی سلێمانی دوو بەرپرسیارێتیی سەرەکیی لە ئەستۆدایە: یەکەمیان هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیانە لە مەترسییەکانی کۆلێرا و ڕێگاکانی خۆپارێزی، دووەمیشیان پێوەندی بە ئامادەکارییەکانەوە هەیە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان لە ئەگەری تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکدا.


وشە - پۆڵا مەحموود