لمی بیابانی مەغریب.. چارەسەرێكی سروشتی بۆ نەخۆشییەكانی رۆماتیزم و ماسولكە

:: PM:02:36:28/06/2025 ‌
لەسەر ئاستی دنیادا لمی بیابانەكانی مەغریب بۆ چارەسەری سروشتی زۆر بەناوبانگە، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەكانی رۆماتیزم و ماسولكە و هەوكردن، بۆ ئەوەیش ساڵانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە وڵاتانی دنیاوە بۆ ئەو چارەسەرە سروشتییە روو لە مەغریب دەكەن، بۆیە راپۆرتێك لەوبارەیەوە بڵاو كراوەتەوە و رۆشنایی دەخاتە سەر سوودەكانی. پزیشكێكیش دەڵێت رەنگە سوودی هەبێت، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە ئەگەری هەیە كاردانەوەی خراپیشی هەبێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 28ی حوزەیران، راپۆرتێكی لەبارەی لمی بیابانەكانی مەغریب بڵاو كردووەتەوە كە بۆ چەندان نەخۆشی چارەسەری سروشتییە، بۆیە ئاماژە دەدات كە ساڵانە گەشتیارێكی زۆر بۆ وەرگرتنی چارەسەری سروشتی روو لە مەغریب دەكەن و سوود لە لمە گەرمەكانی دەبینن، بەتایبەتی بیابانی مەرزوكە كە دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. ئەو ناوچەیە جوانییەكی زۆری بیابانیی هەیە، هاوكات وەك خەڵكی ناوچەكە باسی دەكەن، هەتاوە گەرمەكەی وایكردووە لمی بیابانەكەی سوودی زۆر بە نەخۆشان بگەیەنێت، بۆیە ئەو لمە گەرمە دەبێتە چارەسەری سروشتی بۆ چەندان نەخۆشی. بەو چارەسەرەیش دەگوترێ "گەرماوی لمی".

گەشتیارێك كە لە ئەمەریكاوە بۆ مەغریب تایبەت بۆ لمەكەی هاتووە و دەیەوێ بۆ نەخۆشیی ماسولكە سوودی لێ ببینێت، بۆ پێگەكە قسەی كردووە و گوتوویەتی، لەگەڵ خێزانەكەم بۆ چارەسەری سروشتی روومان لەم ناوچەیەی مەغریب كردووە كە لمی بیابانەكەی بۆ تەندروستی زۆر بەسوودە. ئەو گەشتیارە وەك خۆی دەڵێ ساڵانە سەردانی ئەو وڵاتە دەكات بۆ چارەسەر و سوودی زۆری لێ بینیوە، لە كاتێكدا پێشتر لە ئەمەریكا چەندان دەرمانی بەكار هێناوە بۆ چارەسەر و سوودی لێ نەبینیون.

گەشتیارێكی تریش گوتی سوودی زۆرم لە لمی مەرزوكە بینیوە بۆ چارەسەری ماسولكە كە ساڵانێكی زۆرە ئازاری زۆری داوم، بەڵام بە "گەرماوی لمی" تا ئاستێكی زۆر لە نەخۆشیی ماسولكە و هەوكردنی دوور كەوتوومەتەوە. لە كاتێكدا پێشتر زۆر دەرمانم بۆ نەخۆشییەكەم بەكار هێناوە، بەڵام هیچ كامیان بارتەقای لمی مەغریب، سوودیان بۆم نەبووە. بۆیە فێر بووم و بەپێی دەرفەت سەردانی ئەم وڵاتە دەكەم و كەشە گەرمەكەی بۆ من سوودی زۆری هەبووە.

بەرانبەر بە سوودەكانی لمی بیابانەكانی مەغریب بۆ نەخۆشی، نادیە رەزوان كە پزیشكی پسپۆر لە بواری پێستە و بۆ پێگەكە گوتی، ئەوە راستە كە چوونە ژێر لمی مەرزوكە لە مەغریب، وا دەكات ئازارەكانی ماسولكە و هەوكردن و رۆماتیزم كەمتر ببێتەوە، چونكە سوودی بۆ هاتوچوی خوێن هەیە، بەڵام لە رووی زانستییەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە سوودی بۆ پێست هەبێت، بۆیە ئەگەری زۆرە شوێنەواری نەرێنیی هەبێت و كاردانەوەكان پێچەوانە ببنەوە.

ئەو پزیشكە زیاتر روونی كردووەتەوە، ئەگەری هەیە ئەو لمە گەرمە مەترسیی لەسەر هەوكردنی پێست هەبێت یان سووتانەوەی پێست، بەتایبەتی ئەگەر كەسەكە ماوەیەكی زۆر لە ژێر لمە گەرمەكە بمێنێتەوە. بەتایبەتی ئەوانەی كێشەی پێستی درێژخایەنەیان هەیە، نابێ زیاتر لە 15 خولەك لە ژێر لمەكە بمێننەوە، چونكە تووشی وشكبوونەوەی پێست و هەوكردن دەبنەوە. جیالەوەی مەترسیی ئەوەیش هەیە مێرووی زیانبەخش لەناو لمەكەدا هەبن و زیان بە تەندروستی بگەیەنن.

 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د