چا و قاوە دوو خواردنەوەن لەسەر ئاستی جیهان زۆر بڵاون و گەلانی دنیا لە كۆنەوە دەیانخۆنەوە، ئەوان بەهۆی ئەو كافایینەی تیایاندایە بوونەتە چالاككەر و وریاكەرەوە، خەڵك بەیانیان و لە كاتی حەسانەوە و لە دوای ژەمەكان دەیانخۆنەوە، بەڵام چۆن كار لە پەستانی خوێنی مرۆڤ دەكەن؟
د. لوك لافین پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ دەڵێت، كافایین دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی لوولەكانی خوێن، ئەوەش وا لە دڵ دەكات بە هێزێكی زیاتر پاڵ بە خوێنەوە بنێت و وا دەكات پەستانی خوێن لە ماوەی 30 خولەك بە نزیكەی 10 میلیمەتر بەرز ببێتەوە، دوای سەعاتێكیش بگاتە ئەوپەڕی پەرزی و دوای ئەوە بەرە بەرە نزم دەبێتەوە، بۆیە لەگەڵ هەر خواردنەوەیەكی چاو و قاوە پەستانی خوێن بە بەرزی دەمێنێتەوە و ئەوەش گوشار دەخاتە سەر دڵ.
توێژینەوە پزیشكییەكان باسی ئەوە دەكەن كە كەسانی تەندروست و پێگەیشتوو دەتوانن رۆژانە تا 400 ملگرام كافایین وەربگرن، واتە چوار كووپی سادە، بێ ئەوەی كاریگەریی زیانبەخشیان لەسەر بكات، هەرچی ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، دەبێت راوێژ بە پزیشك بكەن و لەو بڕە كەمتر بخۆنەوە.
كاردانەوەی لەشی مرۆڤ بە كافایین جیاوازە، هەندێك دوای یەك كووپ سەریان گەرم و دەمارگیر دەبن، هەشیانە تا چەند كووپێك ئاسایین، د. لافین دەڵێت، دیارنەبوونی كاریگەری مانای كارتێكردنی كافایینەكە نادات، چونكە زۆرخواردنەوەی بەردەوامی كافایین دەبێتە هۆی بەردەوامیی پەستانی بەرزی خوێن و خێرایی لێدانی دڵ، بۆیە كووپێك یان دووانی رۆژانە مایەی نیگەرانی نییە، بەڵام لەوە زیاتر پێویستیی بە وریابوون هەیە.