لەگەڵ هاتنی وەزری هاوین و گەرما خەڵك روو لە خواردنی شووتی و كاڵەك دەكات، ئەوان جیا لە چێژیان سەرچاوەیەكی خۆراكی بەسوودن، چونكە بڕێكی زۆر ئاو و ریشاڵ و ڤیتامین و كانزایان تیادایە، بەڵام چەند لایەنێكی نەرێنیش هەن كە پێویستە مرۆڤ وریایان بێت.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی
"فیریول هێلس"، پارچە یان قاشكردنی شووتی بەر لە شووشتنەوەی توێكڵی دەرەوەی مەترسیدارە، چونكە دەكرێ لەو رێگەیەوە بەكتریای نووساو بە رووی دەرەوەی توێكڵەكەی لەگەڵ چەقۆیەكە تێكەڵ بە بەشی ناوەوە یان خوراوی شووتییەكە ببێت، هەردوو جۆری بەكتریای سالمۆنێلا و ئیشیریشی كۆلای لەسەر رووی دەرەوەی توێكڵی شووتی گەشە دەكەن و ئەگەری هەیە بگەنە ناو شووتییەكە و لەوێ گەشە بكەن و زۆر ببن، بەتایبەتی ئەگەر بە پارچەكراوی بۆ ماوەیەكی زۆر بێ ساردكردن هەڵبگیرێت.
سەرچاوەی پیسبوونی توێكڵی دەرەوەی شووتی زۆرە، لەوانە لە ناو كێڵگە یان لە كاتی گواستنەوەی لە ناو ئۆتۆمۆبێل یان لە دووكان و لە چێشتخانەش، رەنگە هەر شووتییەكە بە ئاوی پیس ئاو درابێت و بەر پاشەڕۆی ئاژەڵ كەوتبێت، بۆیە شارەزایان پێیان باشە بەر لە پارچەكردنی شووتی جوار بشۆرێتەوە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی و ژەهراویبوون.