پشکنینێکی شۆڕشگێڕانە: بە یەک دڵۆپ خوێن یان لیک بزانە چەند ساڵی تەمەنت ماوە

:: PM:10:52:28/06/2025 ‌
زانایان توانیویانە بگەن بە پشکنینێکی سادە و شۆڕشگێڕانە کە دەتوانێت پێشبینیی ماوەی تەمەنی ماوەی کەسێک بکات، ئەمەش لە ڕێگەی پەرەپێدانی تەکنیکێکی زانستیی نوێوە بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی تێکچوونی جەستە و بەدواداچوونی پرۆسەی پیربوون، تەنیا بە پشتبەستن بە یەک دڵۆپ خوێن یان لیک.

ئەم تەکنیکە نەک تەنیا دەتوانێت تەمەنی بایۆلۆجی بە وردی بخەمڵێنێت، بەڵکو ڕەنگە ئەو ماوە یان ژمارەی ساڵانەش دیاری بکات کە تاکێک ئەگەری هەیە بژی، ئەمەش ئاسۆی نوێ بۆ دەستوەردانی خۆپارێزیی پێشوەختە دەکاتەوە.

تەکنیکەکە پشت بە هەڵسەنگاندنی "توانای ناوەکی" (Intrinsic Capacity) دەبەستێت، کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە کۆی تواناکانی جەستەیی و دەروونیی تاک پێناسەی دەکات. ئەمەش تواناکانی وەک ڕۆیشتن، بیرکردنەوە، بینین، بیستن، و بیرهاتنەوە لەخۆدەگرێت، کە کارلێکیان لەسەر دەکرێت بەهۆی نەخۆشی، پێکان، و هۆکارەکانی پەیوەست بە پیربوونەوە.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری نەیچەر ئەیجین (Nature Aging) بڵاوکراوەتەوە، گەیشتووەتە ڕێگەیەک بۆ پێوانەکردنی توانای ناوەکی و بەدواداچوونی پرۆسەی پیربوون، لە ڕێگەی شیکردنەوەی "میسیلاسیۆنی دی ئێن ئەی" (DNA methylation) لە نموونەی خوێندا. پێشتر پرۆسەی هەڵسەنگاندنی توانای ناوەکی پێویستی بە سەرچاوەی زۆر و کاتێکی درێژ هەبوو.

ماڵپەڕی "مێدیکاڵ نیوز تودەی" ئاماژەی بەوەداوە کە "کاتژمێری توانای ناوەکی" ڕەنگە ببێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ چاودێری کردن و خۆپاراستن لە پیربوون لای کەسانی بەساڵاچوو.

دکتۆر تۆماس هۆڵاند پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە پەیمانگای RUSH بۆ پیربوونی تەندروست، دەڵێت، ئەو پشکنینەی پشت بە خوێن یان لیک دەبەستێت بۆ پێوانەکردنی توانای ناوەکی، کە بە (DNAm IC) ناسراوە، ئامرازێکی زۆر بەهێزە لە بواری زانستی پیربووندا. ئەم پشکنینە شێوازەکانی میسیلاسیۆنی دی ئێن ئەی بەکاردەهێنێت کە نیشانەی کیمیایین چالاکیی جینەکان ڕێکدەخەن بۆ خەمڵاندنی توانای ناوەکی بە شێوەیەکی بایۆلۆجی، ئەمەش تێگەیشتنێکمان پێدەدات دەربارەی ئەوەی جەستەمان چەند بە کارامەیی کاردەکات بە بەراورد بە تەمەنی کاتیی خۆی.
لای خۆیەوە، پسپۆڕێکی خۆراک لە سەنتەری "هێڵس میرۆ" دەڵێت: "پشکنینی DNAm IC توانایەکی گەورەی هەیە وەک ئامرازێکی پراکتیکی بۆ پێوانەکردنی پیربوونی بایۆلۆجی، چونکە جیاوازە لە پشکنینەکانی کاتژمێری جیناتیی کلاسیکی بەوەی کە ڕاستەوخۆ پیربوونی کارایی (functional aging) نیشان دەدات."

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "مێدیکاڵ نیوز تودەی"، توێژینەوەکە پشتی بە داتای هەزار و چواردە بەشداربوو بەستووە کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 102 ساڵدا بووە. نیشاندەرەکانی تێگەیشتن، جووڵە، بینین، بیستن، باری دەروونی و چالاکیی جەستەیی لای بەشداربووان پێوراون.

توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو کەسانەی ئاستێکی بەرزی "توانای ناوەکی"یان هەیە، ژیانێکی درێژتر و تەندروستتریان هەیە. دەرکەوتووە کە بە تێکڕا 5.5 ساڵ زیاتر دەژین بە بەراورد بەوانەی ئاستی ئەم توانایەیان نزمە.

سەرەڕای ئەوەی "توانای ناوەکی" بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ تەمەندا دادەبەزێت، بەڵام چەندین ڕێگە هەن بۆ هێواشکردنەوەی ئەم دابەزینە. توێژینەوەکە نیشانی دا ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر ماسیی چەور دەخۆن و خواردنی شەکر بۆ ئەو بڕەی کە پێشنیار کراوە کەم دەکەنەوە، مەیلیان هەیە توانای ناوەکیی باشتر بێت. لە بەرانبەردا، زیادەڕەوی کردن لە خواردنی شەکر دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەم توانایە.



وشە - پۆڵا مەحموود