توێژینەوەیەكی نوێی ئاشكرای كردووە، حەبی "ڤیاگرا" كە وا باوە بۆ توانای سێكسی بەكار دەهێنرێت، بەڵام سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە و لە ناویاندا زیندووكردنەوەی ئێسك و نەهێشتن لە تێكچوون و لاوازكردنی.
پێگەی "ئیلاف" هەواڵێكی لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە كە پشتی بە توێژینەوەیەكی نوێ بەستووە و تیمێك لە زانكۆی پەكین ئەنجامیان داوە، ئەویش تایبەتە بە سوودەكانی حەبی ڤیاگرا، چونكە لەناو خەڵكدا وا باوە ئەو حەبە زیاتر بۆ توانای سێكس بەكار دەهێنرێت، بەڵام توێژینەوەكە ئاشكرای كردووە سوودەی زۆر لەوە زیاترە كە باس دەكرێت، بەتایبەتی بۆ زیندووكردنەوەی ئێسك و نەهێشتن لە تێكچوون و لاوازكردنی.
تیمەكە باس لەوە دەكەن، حەبی ڤیاگرا مادەی سیلدینافیل لەخۆ دەگرێ كە سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، راستە زیاتر بۆ توانای سێكس بەكار دێت، بەڵام لە توێژینەوەكەدا دەركەوتووە ئەو حەبە، كاریگەریی زۆری بۆ ئێسكی مرۆڤ هەیە بەتایبەتی ئەوكاتەی دەچێتە ناو تەمەنەوە، چونكە لەو قۆناغەی تەمەندا ئێسك لاواز دەبێت و ئەگەری زۆری بۆ شكان هەیە، بەڵام ئەو حەبە دەتوانێ ئێسك بەهێز بكات و تا ئاستێك زیندووی بكاتەوە.
توێژینەوەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، هەیكەلی ئێسكی مرۆڤ بەشێوەیەك دروست بووە، لە ماوەی هەر لە 10 ساڵدا خۆی نوێ دەكاتەوە، بەڵام كاتێك دەچێتە قۆناغی بەساڵاچوون و پیری، ئەوكات ئەو هاوسەنگییە لە دەست دەدات و ئێسك بە ئاسان ناتوانێ خۆی نوێ یان زیندوو بكاتەوە، بۆ ئەوەیش تاقیكردنەوە بە مادەی سیلدینافیل بۆ مشك كراوە، دەركەوتووە رێگە لە تێكچوونی ئێسك و لاوازكردنی دەگرێت، بۆیە بەهەمانشێوە بۆ ئێسكی مرۆڤ هەمان سوودی دەبێت.
دكتۆر مینگلۆنگ هۆ و دكتۆر لیكۆڵن ۆو كە هەردووك لە توێژینەوەكە بەشدارییان كردووە، دەڵێن بە روونی دیارە سیلدینافیل كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئێسك و بەهێزتركردنی هەیە، رێگە لەوە دەگرێت بۆ داهاتوو لاواز بێت.
ساڵانێكی زۆرە تاقیكردنەوە بۆ مادەی سیلدینافیل كراوە كە دەركەوتووە مادەیەكی سەلامەتە و دەكرێ بۆ دەرمان بەكار بهێنرێت، بۆیە بڕیار درا لە تەندروستیدا وەك دەرمان بەكار بهێنرێت. حەبی ڤیاگرایش كە لە بنچینەوە لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بۆ نەخۆشییەكانی دڵ دروست كراوە، دواتر دەركەوت بۆ تاوانی سێكس سوودی زۆری هەیە. دوای هەموو ئەوانەیش دەركەوتووە مادەی سیلدیفانیل بۆ زەهایمەر و زۆر نەخۆشیی تریش سوودی هەیە.